چ کاتێک زێڕ بکڕین و بیفرۆشین؟

28-09-2025
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
رۆژی دووشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 3800 دۆلاری تێپەڕاند و تاوەکو نزیکەی 3814 ـەش مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بانکی ناوەندی ئەمریکا دەستی بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی کرد و چاوەڕانیش دەکرێت لە دوو کۆبوونەوەی داهاتوویدا لە مانگەکانی 10 و 12 ـی ئەمساڵ، دیسان رێژەی سوودی بانکی کەمبکاتەوە. ئەمە هۆکاری سەرەکی پشت بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕە لەم مانگەو مانگی رابردووشدا. نرخی زێڕ دوو مانگی لەمەوبەر، ئۆنسەیەکی بە کەمتر لە 3280 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.
 
بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ هێندە بێ وچانن کە زۆر کەس هەست دەکات بەجێماوە لە کڕینی زێڕ. لەم بابەتەدا باس لەوە دەکەین کە لە چ کاتێک نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوە دەگڕێت و چ کاتێک بەرەو دابەزین دەڕوات و ئەو هۆکارانە چین کە کاریگەری لەسەر نرخی ئێستا و داهاتووی زێڕ دادەنێن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی دەبێت وەبەرهێنان لە زێڕ بکەی و چ کاتێک دەبێت دەست بە وەبەرهێنان بکەی؟ کەی نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە و کەی دادەبەزێت؟ ئەمانە پرسیاری زۆر کەسن لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەی جیهان کە بەنیازن لە رێگەی کڕینی زێڕەوە قازانج بکەن، یان هیچ نەبێت پاشەکەوتێک بکەن کە سامان و پارەکەیان بپارێزێت.
 
هەرچەندە زێڕ لە نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرمی بە دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و رێژەی ئاڵوگۆڕی دۆلار و دینار کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لە نێوخۆدا دەبێت، بەڵام نرخی جیهانیی زێڕ بە دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، بەوپێیەش نرخی دۆلار و سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە نرخی دۆلار دەگۆڕێت، لە سەرووی هەموو شتێکەوە کاریگەری لەسەر نرخی ئێستا و داهاتووی زێڕ دەبێت.
 
هیچ جیاوازییەکت نییە لەگەڵ کەسێک، کە لە وڵاتی دیکە دەژی، ئەمریکا، چین و تورکیا یان وڵاتێکی ئەورووپی. کاتێک کە پلانی کڕینی زێڕت هەیە بیر لە بژاردەی دیکە دەکەیتەوە، ئەگەر بۆت دەربکەوێ کە کڕینی سامانی دیکە وەک خانووبەرە و پشکی کۆمپانیاکان قازانجی کەمی هەیە یان لەبنەڕەتدا قازانجی نییە، ئەوکاتەیە کە بیر لە کڕینی زێڕ دەکەیتەوە. 
 
لە هەرێمی کوردستان رەنگە یەکێک لەو دەگمەن بازاڕانەی کە وەک بژاردە لەبەردەم وەبەرهێنان هەبێت، بازاڕی خانووبەرەیە.
 
کڕینی خانووبەرە لەم کاتانەدا کە نرخەکان لەبەر دواکەوتنی مووچە و سستیی ئابووری و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزیون، ئەگەری هەیە بژاردەیەکی باش بێت، بەڵام رەنگە زۆرینەی خەڵک یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان پێ نەکڕێت. لەلایەکی دیکەشەوە داهاتووی بازاڕی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان ناڕوونە، لەبەر زۆر هۆکار، بەتایبەتی نادیاریی پەیوەندییەکانی هەولێر و بە‌غدا، ناڕوونی بارودۆخی سیاسی لە عێراق لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو و ناجێگیریی رەوشی ناوچەکە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا لە وڵاتانی دیکە، بژاردەی دیکە جگە لە زێڕ زیاترن بۆ وەبەرهێنان، وەک کڕینی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بازاڕی پشکی کۆمپانیاکان، کڕینی کانزای دیکە و تەنانەت کڕینی دراوە دیجیتاڵییەکان.
 
لە نێوان ئەو بازاڕانەدا جگە لە قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، کە حکومەتی ئەمریکا گەرەنتی کردوون، بازاڕەکانی دیکە ریسک و مەترسی بازرگانی زۆریان تێدایە. بازاڕی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا کە بە بازاڕی (بۆند)ـەکان ناسراوە، گرینگترین بازاڕی جێگرەوەی بازاڕی زێڕە.
 
کاتێک قەواڵەیەکی 10 ساڵی گەنجینەی ئەمریکا دەکڕی، حکومەتی ئەمریکا نەک تەنیا گەرەنتی داوە، کە پارەکەت دەداتەوە، هاوکات بەپێی رێژەی سوودی سەر ئەو قەواڵە، ساڵانە قازانجیشت دەداتێ. ئەوە گەرەنتیکراوە.
 
بازاڕی پشکی کۆمپانیاکان، بازاڕێکی گرنگی دیکەی جێگرەوەیە، بەتایبەتی بۆ وەبەرهێنەری بیانی. کڕینی پشکی کۆمپانیاکان، بەتایبەتی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری تەکنۆلۆجی، لە ماوەی 5 ساڵ و 10 ساڵی رابردوودا، قازانجی بە ملیۆنەها کەس گەیاندووە و هەزاران کەسیشی کردووەتە ملیاردێر و ملیۆنێر، بەڵام بازاڕی پشکی کۆمپانیاکان هیچ گەرەنتییەکی نییە، ئەگەر بەهای پشکی کۆمپانیایەکت کڕیبێت، لەبەر هەر هۆکارێک دابەزێت، ئەوا زیان دەکەی.
 
کڕینی دراوە دیجیتاڵییەکان بە هەمان شێواز، تەنانەت قازانجی 10 هێندە و 100 هێندەی دەستەبەرکردووە بۆ ئەو کەسانەی، کە لە 10 ساڵی رابردوودا وەبەرهێنانیان تێدا کردووە، بەڵام بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان ئێجگار مەترسی بازرگانی تێدایە، هیچ بانکێکی ناوەندی دانی بە دراوە دیجیتاڵییەکان نەناوە و ئەو کەسانەی مامەڵەی پێوەدەکەن و دەیکڕن، تەنیا گرەو لەسەر ئەوە دەکەن، کە دراوە دیجیتاڵییەکان داهاتووییەکی باشیان هەیە و سیستمی دارایی جیهان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات، کە دراوە دیجیتاڵییەکان پەسند بکات و کاری پێبکات.
 
هەموو ئەمانە گرێدراوە بەوەی کە تاوەکو چەند ئامادەی مەترسی بازرگانی لەکاتی وەبەرهێنان لە ئەستۆ بگری. لەبەر ئەوەیە هیچ بازاڕێک وەک بازاڕی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ نابێت.
 
سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا ساڵانەیە و ساڵێک دوو جار دەدرێتە وەبەرهێنەر و لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە گەرەنتی کراوە و بە نزیکەیی هیچ مەترسییەک لەسەر سەرمایەت نییە.
 
سوودی ئەو قەواڵانەش راستەوخۆ کاریگەری لە سوودی بانکی وەردەگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندی (بانکی فیدراڵی) ئەمریکاوە دەستنیشان دەکرێت. هەر گۆڕانکارییەک کە لە سوودی بانکی دەکرێت، دەستبەجێ و هاوتەریب بەخێرایی کاریگەری لەسەر سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکادا دەبێت.
 
وەبەرهێنەرێکی بیانی بۆچی دەبێت زێڕ بکرێت و قەواڵەی دارایی گەنجینەی ئەمریکا نەکڕێت؟
 
بەپێچەوانەی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، زێڕ خۆی لە خۆیدا هیچ سوودێکی لەسەر نییە، ئەوەی کڕینی زێڕ مانادار دەکات پاراستی بەها و دەسەڵاتی کڕینی ئەو پارەیە کە زێڕی پێدەکڕی لە دژی هەڵاوسان. کڕینی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا سوودی ساڵانەی هەیە و ئەگەر 10 ساڵی بن تاوەکو 10 ساڵ، ساڵانە قازانجی دێتە سەر، بەڵام لەم نێوەندەدا شتێکی گرنگ هەیە، ئەوەش (هەڵاوسان)ـە. هەڵاوسان رێژەی بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخەکان لە ماوەی یەک ساڵ، یان یەک مانگ، دیاری دەکات. گریمان هەڵاوسان ساڵی داهاتوو بە رێژەی 4٪ بەرزبێتەوە، مانای ئەوەیە ساڵی داهاتوو دەسەڵاتی کڕینی بۆ نموونە 1000 دۆلار بە رێژەی 4٪ کەمدەبێتەوە، لەبەر ئەوەی نرخەکان بە رێژەی 4٪ بەرزدەبنەوە.
 
ئەمە بۆ قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش هەر وایە. ئەگەر سوودی سەر قەواڵە داراییەکان 4٪ بێت، بەڵام ساڵی داهاتوو، هەڵاوسان بە رێژەی 4٪ بەرزبێتەوە، کەواتە لە راستیدا تۆ هیچ قازانجت لە کڕینی قەواڵە داراییەکان نەکردووە. لە دۆخێکی وەهادا، رەنگە زێڕ بکڕیت بۆ ئەوەی خۆت بەدوور بگری لە کەمبوونەوەی بەهای پارەکەت. 
 
زێڕ بە درێژایی مێژوو وەک پەرژینێک لەدژی هەڵاوسان کاری کردووە. خەڵک و وەبەرهێنەران دەزانن ساڵ لە دوای ساڵ، بە ئەگەری زۆرەوە، نرخەکان بەرزدەبنەوە و هەڵاوسان زیاد دەکات و لەبەر ئەوەش دەسەڵاتی کڕینی پارەکەیان کەمدەبێتەوە. لەبەر ئەوە زێر دەکڕن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی پارەکەیان بپارێزن. دەسەڵاتی کڕینی دۆلار و یۆرۆ و دینار، ساڵ لە دوای ساڵ کەمدەبێتەوە، بەزۆری لەبەر ئەوەی حکومەتەکان پارە چاپ دەکەن بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان، یان خەرجییەکانیان زیاد دەکەن بۆ ئەوەی گەشە بە ئابووری بدەن، یان وا بنوێنن کە حکومەتی چاکن. چاپکردنی پارە ئاسانە، بەڵام زێر کانزایەکی سنووردارە و ساڵانە هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەکارهێنان و پاشەکەوتکردنی، بەرهەمهێنانی زیاد ناکات. هەر لەبەر ئەوەشە نرخەکەی لە ماوەی درێژخایەندا بەرزدەبێتەوە.
 
کاتێک لە ساڵی 1971، مەرجی هەبوونی یەدەکی زێڕ وەک پشتیوان بۆ چاپکردنی پارە لادرا، تاوەکو 1980 هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرزبووەوە بۆ ئاستێکی دوو ژمارەیی. لەو ماوەیەدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 35 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 850 دۆلار. لە کاتی قەیرانی دارایی 2008 کە بۆرسەکانی جیهان داڕمان بەهۆی داڕمانی کەرتی خانووبەرە و کەرتی بانکییەوە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 800 دۆلاری ساڵی 2008 بەرزبووەوە بۆ 1900 دۆلار لە ساڵی 2011 دا. لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە نێوان 2020 تاوەکو 2022، بەهۆی چاپکردنی پارەی زۆر بۆ پاڵپشتی خەڵک و بازرگانان، هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرزبووەوە بۆ 9٪، کە بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بوو. ئەو کاتە نرخی زێڕ 2050 دۆلاری تێپەڕاند.
 
رێژەی هەڵاوسان لەبەرئەوە هۆکارێکی گرنگە کە سوودی راستەقینەی قەواڵە داراییەکانی سەر گەنجینەی ئەمریکا دیاری دەکات. (سوودی راستەقینە)ی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا یەکسانە بە سوودی قەواڵەکان کەم رێژەی هەڵاوسان. یانی رێژەی هەڵاوسان لە سوودی قەواڵەکان دەربکەیت. بۆ نموونە، ئەگەر هاتوو هەڵاوسان لە جیاتی ئەوەی بەرزبێتەوە، دابەزێت. گریمان هەمان قەواڵەی دارایی کە سوودی ساڵانەی 4٪ـە، کڕیوتە و هەڵاوسان ساڵی داهاتوو دادەبەزێت بۆ 2٪. کەواتە هێشتا لە کڕینی قەواڵەی دارایی گەنجینەی ئەمریکا 2٪ قازانج دەکەی. لەم کاتەدایە رەنگە کڕینی زێڕ هێندە کارێکی باش نەبووبێت. لەبەر ئەوەی هەڵگرتن و پاشەکەوتکردنی زێڕ خۆی لە خۆیدا ( بەپێچەوانەی قەواڵە داراییەکان) هیچ سوودێکی ناچێتەسەر.
 
سوودی راستەقینەی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەو وردەکارییەی باسکرا بە رێژەی 40٪ کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت، بەڵام هۆکاری دیکەش هەن. دووەم هۆکاری گەورە کە کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت، بەهای دۆلاری ئەمریکییە، لەبەر ئەوەی زێڕ لە جیهاندا بە دۆلاری ئەمریکی مامەڵەی پێوەدەکرێت. کاتێک بەهای دۆلار بەرزە، بازرگانان و هاووڵاتیان کە لە وڵاتانی دیکە بە دراوی نیشتمانی خۆیان زێڕ دەکڕن، گرانتر زێڕیان دەستدەکەوێت، لەبەر ئەوەی نرخی زێڕ بە دراوی نیشتمانی خۆیان گران لەسەریان دەوەستێت. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ و بەوپێیەش نرخەکەی دادەبەزێنێت. بەهای دۆلار بە رێژەی 25٪ کاریگەی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
 
هۆکاری دیکە، کێشە جیۆسیاسییەکانن لە جیهاندا. نرخی زێڕ لە کاتی تەشەنەکردنی شەڕ و نائارامی و کێشەی ئابووری و بازرگانی لە نێوان وڵاتاندا، خواستی لەسەر بەرزدەبێتەوە. وەبەرهێنەران، سامانەکانیان دەکەنە زێڕ بۆ ئەوەی خۆیان لە شڵەژانی بازاڕەکان و تێکچوونی رەوشی ئابووریی وڵاتەکەی خۆیان و ناوچەکانی دیکە بپارێزن. کێشە جیۆسیاسییەکان بە رێژەی 20٪ کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکەن. بەپێچەوانەی نەوت، نرخی زێڕ بەڕێژەیەکی کەمتر کاریگەری وەردەگرێت لە قەبارەی خواست و خستنەڕووی ئەو کانزا گرانبەهایە. دیارە کە ساڵانە چەند زێر بەرهەمدەێت، واتا خستنەڕووی ساڵانەی زێڕ شتێک نییە هێندە گۆڕانکاری تێدا بەدی بکرێت.
 
ساڵانە نزیکەی 4700 تۆن زێڕ لە رێگەی هەڵکۆڵینی کانەکان و ریسایکلینەوە بە قەبارەی زێڕی جیهان زیاد دەبێت. خواستیش بۆ زێڕ لەلایەن خەڵک و بانکە ناوەندییەکانەوە بەرز و نزم دەبێتەوە. خەڵک زێڕ وەک خشڵ و گەوهەر بەکاردەهێنن و بانکەکانیش زێڕ بۆ هەمەچەشنکردنی یەدەکی دراوی بیانی خۆیان بەکاردەهێنن. هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا خواست لەلایەن بانکەکانەوە لەسەر زێڕ زیادی کردووە، بەڵام هێشتا خواست و خستنەڕووی زێڕ تەنیا بە رێژەی 10٪ کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکات. لە ماوەی کورتخایەندا نرخی زێڕ کاریگەریی گرەوی بازرگانانیشی لەسەرە. هەڵسوکەوتی نائاسایی وەبەرهێنەر و بازرگانە گەورەکان بە رێژەی 5٪ کاریگەی کورتخایەن لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت. کاتێک بازرگانان گرەو لەسەر نرخی زێڕ دەکەن و بۆ ماوەیەکی کاتی بڕێکی بەرچاو زێڕ دەکڕن و زوو دەیفرۆشن بۆ ئەوەی قازانجی زۆر لە ماوەی کورتدا بکەن، کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن و نرخی زێڕ ناجێگیر دەکەن.
 
چ کاتێک زێڕ بکڕین؟ داهاتووی نرخی زێڕ بەندە بە هۆکارەکانی سەرەوە، لە هەمووشیان گرنگتر ئاراستەی رێژەی سوودی بانکی و هەڵاوسانە لە ئەمریکا کە بە رێژەی 40٪ کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروست دەکات. لەبەر ئەوەش، ئەو کاتانەی کە سیاسەتی نەختیی ئەمریکا بەرەو نەرمبوونەوە دەڕوات و سوودی بانکی کەمدەکرێتەوە، کاتێکی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان لە زێڕدا. لە کاتی دڵەڕاوکێ و ناڕوونیی ئابووری و سیاسیش، بەتایبەتی ئەو کاتە کە بازاڕەکانی دیکەی جیهان و پشکی کۆمپانیاکان بەرەو دابەزینی لەناکاو دەڕۆن، کاتێکی گونجاوە بۆ کڕینی زێڕ.
 
چ کاتێک زێڕ بفرۆشین؟
 
ئەو کاتەی کە هەست دەکرێ سوودی بانکی لە ئەمریکا زیاتر لە رێژەی هەڵاوسان بەرزدەکرێتەوە، ئەوە کاتی فرۆشتنی زێڕە. یان ئەو کاتەی بازاڕی زێڕ لە ناکاو بەرز دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی بنەماکانی بازاڕ پاڵپشتی لەو بەرزبوونەوەیە بکەن، ئەوە ئەو کاتەیە کە بازاڕ لەلایەن بازرگانە گەورەکانەوە دەستکاری دەکرێت، بە مەبەستی کۆکردنەوەی قازانجی خێرا. لە ماوەی کورتخایەندا ئەوە کاتی فرۆشتنی زێڕە. لە هەر بارودۆخێکدا، ناوەندە دراییە گەورەکان و بانکەکان کاتێک دەست بە فرۆشتنی زێڕ دەکەن، کە هەست بکەن یەدەکی زێڕیان بەراورد بە دراوی دیکەی بیانی و سامانەکانی دیکە زیاترە و دەبێت پێکهاتەی سامانەکانیان هاوسەنگ بکەن، لەو کاتانەدا دەست بە فرۆشتنی بەشێک لە زێڕەکانیان دەکەن.
 
پێشبینی نرخی زێڕ
 
پێشبینییەکان بۆ تێپەراندی ئاستی 3800 دۆلار بۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمرۆ دووشەممە بووە راستی. بەرزبوونەوەی زێڕ زۆر بەرچاوەو ئەم ئاستە ئاستێکی پێوانەیی و مێژووییە. ئەم بەرزبوونەوەیە وەک چۆن هۆکارەکانی لەسەرەوە باسکرا، گرەوکردنە لەسەر دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندەی ئەمریکاو بەرزبوونەوەی خواستە بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن هاووڵاتیان و بەتایبەتی بانکە ناوەندییەکانەوە. ئەگەر بانکی ناوەندی ئەمریکا خێراتر و بەڕیژەیەکی زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان، سوودی بانکی لە مانگەکانی داهاتوودا دابەزێنێت و نرخی زیر ئاستەکانی نزیک لە 3800 دۆلار بپارێزێت، دەکرێ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 3900 دۆلار و 4000 دۆلار.  تەنانەت ئاستی 4200 ئاستێکی چاوەڕواننەکراوە نیە لەو سیناریۆدا، بەڵام، مەترسی دابەزینیش هەیە و نابێت پشتگوێ بخرێت؛ ئەگەر داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا بەهێزترو باشتربن لە چاوەڕوانییەکان و بانکی ناوەندی ئەمریکا پەشۆکا و پەلە نەکات لە کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی، ئەو کاتە سوودی راستەقینەی سەر قەواڵە داراییەکان بەرزدەبێتەوە و دۆلار بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات. ئەگەر ئەم سیناریۆیە رووبدات ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ هەیە بۆ ئاستەکانی 3600 دۆلار و تەنانەت 3300 دۆلاریش.  ئێستا ئەگەرەکان زیاتر بەرەولای جێگیربوونی نرخی زێڕ لە دەورووبەری 3800 دۆلارن و تەنانەت بەرزبوونەوەی زیاتریش. ئەگەری دابەزین کەمترە بەڵام وەک مەترسیی و ریسکێکی جددی دەمێنێتەوە، ئەگەر بارودۆخی گشتی ئابووری ئەمریکا گۆڕانکاری بەسەردابێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە