داهاتووی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد، گەشەی بەردەوام دەبێت یان بڵقی سەر ئاوە؟

30-08-2025
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
 
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەهای کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای تایبەت ئەوانەی لە بواری ژیریی دەستکرد دا کار دەکەن بەرزبوونەوەیەکی سەرنجراکێشی بەخۆیەوە بینیوە. لەم نێوەندەدا کۆمپانیای ئێنڤیدیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی چیپی ئەلیکترۆنی پێشەنگی کۆمپانیاکانی دیکەیە. بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئێنڤیدیا، لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ و نیودا زیاتر لە 10 هێندە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە چوار تریلیۆن دۆلار.
 
بەرزبوونەوەی بەهای ئێنڤدیا هێندە سەرسووڕهێنەر بووە کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی کۆی قەبارەی بازاڕی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا کە بەزۆری لە بازاڕی بۆرسەی ناسداک دا تۆماکراون. لەوەش زیاتر تەنانەت بەرزبوونەوەی بەهای 500 کۆمپانیای گەورەی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە کە لە رێگەی پێنوێنی S&P 500 ، بەهاکانیان دەپێورێت.
 
بەهای ئەو کۆمپانیانە لە ساڵی 2022 بەدواوە بەڕیژەی 69٪ بەرزبووەتەوەو بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ درەوشانەوەی کۆمپانیای ئێنڤیدیا. بێننە بەرچاوی خۆتان، لە مانگی یەکەمی ساڵی 2023 بەهای هەر پشکێکی کۆمپانیای ئێنڤیدیا کەمتر بوو لە 15 دۆلار، کەچی ئێستا بەهای هەر پشکێکی 177 دۆلارە، واتە زیاتر لە 11 هێندە بەرزبووتەوە. بەهای ئەو کۆمپانیایە ئێستا 4.28 تریلیۆن دۆلارە و بەهادارترین کۆمپانیای جیهانە.
 
لەکاتێکدا ژمارەکان سەرنجڕاکێشن، خێرایی بەرزبوونەوەی بەهای ئێنڤیدیا و کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنەلۆژیا، نیگەرانی تەواوی لەنێو شرۆڤەکاران و وەبەرهێنەران دا دروستکردووە کە نەوەک ئەو بەرزبوونەوە و گەشە سەرنجڕاکێشانە بڵق بن و لەناکاو ئەو کۆمپانیانە داڕمێن؟
 
ئەنجامەکانی سێ مانگی رابردووی ئێنڤیدیا، (مانگی 5 تاوەکو مانگی 7)، ئەم گەشەسەندنە خێرایە زەقدەکەنەوە:
 
داهات: 46.7 ملیار دۆلار، بەرزبوونەوەی 56% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو
 
پووختەی قازانج: 26.4 ملیار دۆلار، بەرزبوونەوەی 59% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو
 
داهاتی ناوەندەکانی داتا: 41.1 ملیار دۆلار، بەرزبوونەوەی 56% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو
 
گۆڕانکاری بەهای پشکەکان ( هەفتەی رابردوو): -3%
 
دابەزینی 3%ی پشکەکان دوای راگەیاندنی قازانجەکان، سەرەڕای ئەنجامە پێوانەییەکان، ئاماژەیە بۆ نیگەرانییەکی قووڵ. وەبەرهێنەران و بازرگانانی نێو بازاڕی بۆرسە، هێشتا ئەنجامی باشتریان لە ئێنڤیدیا دەوێت و، بەو هەمووە بەرزبوونەوەیە لە داهات و قازانج رازی نین. چاوەڕوانییەکان زۆر زیاتربوون لە کۆمپانیاکە و ئەوەش لە دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیاکە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە باشی رەنگی داوەتەوە. ئەمە هەندێ شرۆڤەکار و لێکۆڵینڤانانی نێو بازاڕەکانی بۆرسەی نیگەران کردووە. هەندێک لەوانە گومانیان هەیە کە ئەو نرخەی پشکەکانی ئێنڤیدیا کە ئێستا مامەڵەی پێوەدەکرێت، گونجاو بێت و بەهای راستەقینەی کۆمپانیاکە بێت. ئەوان دەڵێن داهاتووی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد زۆر گەشە، بەڵام ئەم بەهایە زۆر زۆرە.
 
هەندێکی دیکەش وەک (دان ئایڤز)، کە سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (وێدبوش سێکیوریتی)یە، پێیانوایە ئەو بەهایەی پشکەکانی ئێنڤیدیا ئاساییە و تەنانەت ئەگەری هەیە زیاتریش بەرزبێتەوە.
 
دان ئایڤز دەڵێت، "ژیریی دەستکرد گەورەترین گۆڕانکاری تەکنەلۆژیایە لە 40 بۆ 50 ساڵی رابردوودا. داهاتی ئەم ساڵی ئێنڤیدیا بە 204 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، کە نزیکەی 4.6 هێندە زیاترە لە 44 ملیار دۆلاری 2023، ئەمەش رەنگدانەوەی گەشەی خێرای ژیریی دەستکردە لە سەرانسەری کەرتەکان دا. بەهای بازاڕی ئێنڤیدیا لەوانەیە تاوەکو ساڵی 2026 بگاتە 5 تریلیۆن دۆلار، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی چین وەک هاندەرێکی سەرەکی".
 
هۆکار زۆرن بۆ قسەکان و خەمڵاندنەکانی دان ئایڤز:
 
فراوانکردنی ناوەندەکانی داتا: قەبارەی وەبەرهێنانی جیهانی لە ژێرخانی ژیریی دەستکرددا بە 3 بۆ 4 تریلیۆن دۆلار لە چەند ساڵی داهاتوودا خەمڵێنراوە. چیپە پێشکەوتووەکانی (Quantum X800)ـی ئێنڤیدیا بۆ پشتگیریکردنی مۆدێلەکانی تریلیۆنان پارامێتەر داڕێژراون کە بەردی بناخەی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردن.
 
گەشەی پیشەسازیی رۆبۆت و سیستمە خۆکارەکان: پێشبینی دەکرێت بازاڕی سیستمە رۆبۆتی و خۆکارەکان تاوەکو ساڵی 2030، بە رێژەی 22٪ ساڵانە گەشە بکات.
 
کردنەوەی بازاڕی چین: پێشبینی دەکرێت فرۆشی ئێنڤیدیا لە چین، دوو تاوەکو پێنج ملیار دۆلار زیاد بکات بەتایبەتی ئەگەر لە ئەنجامی رێککەوتنی درێژخایەنی ترەمپ لەگەڵ چین، بەربەستەکان بۆ هەناردەکردنی چیپ بۆ چین لابدرێن.
 
لەکاتێکدا ئەمانە هەمووی هۆکاری راستەقینەن. خێرایی بەرزبوونەوەی بەهای ئێنڤیدیا هێشتا شۆک هێنەرە. بەهای ئێنڤیدیا لە بازاڕدا زیاتر لە 11 هێندە لە ماوەی 2.5 ساڵی رابردوودا بەرزبووەتەوە، ئەمە خێراترە لە هەموو گەشەسەندنێکی تەکنەلۆژیای هاوشێوە لە مێژوودا.
 
نیگەرانییە سەرەکییەکان:
 
چاوەڕوانی زۆری وەبەرهێنەران: ئێنڤیدیا لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە چاوەڕوانییەکی ئێجگار زۆر بەرزی لێدەکرێت و رەنگە ئەگەر شتێک رووبدات، بۆ نموونە داهات یان قازانجەکانی لە داهاتوودا هێندە خێرا گەشەنەکات، ئەوکاتە دەبێتە هۆکار بۆ بێ هێوایی وەبەرهێنەران و داڕمانی بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە. ئەمە لە بازاڕەکانی بۆرسە ستانداردێکی هەیە بە ناوی (P/E)، بە واتای ( نرخی هەر پشکێک دابەشی قازانجی هەر پشک)، ئەم هۆکارە بۆ ئێنڤیدیا، 70 ـیە. بەو مانایەی کە وەبەرهێنەران 70 دۆلار دادەنێن بۆ ئەوەی لە پشکێکی ئێنڤیدیا یەک دۆلار قازانج بکەن، کە سەرمایەیەکی زۆرە بەراورد بە قازانجی ئێستای کۆمپانیاکە. ئەمە خۆی لە خۆیدا بەو مانایەیە کە وەبەرهێنەران چاوەڕوانیان زۆر زۆرە لە کۆمپانیاکە و وادەزانن لە داهاتوودا قازانجەکانی هێندە زیاد دەکات کە ئەوەندە دەهێنێت پارەیەکی زۆر بدەن بۆ کڕێنی پشکەکانی. ئەگەر بەراوردی بکەین، رێژەی (P/E) بۆ کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنەلۆژیا نزیکەی 18 ـیە. واتە وەبەرهێنەر 18 دۆلار بۆ کڕینی پشکێکی کۆمپانیاکانی دیکەی تەکنەلۆژیا خەرج دەکات بۆ ئەوەی یەک دۆلار قازانجی لێ بکات.
 
مەترسییە جیۆسیاسییەکان: شەڕی بازرگانیی ئەمریکا لە دژی چین و سنووردارکردنی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ئێنڤیدیا، بە قسەی (جێنسن هوانگ)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ دا بەتەنیا 8 ملیار دۆلار زیانی لە کۆمپانیاکە داوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە رەوشی دارایی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای وەک ئێنڤیدیا چەندە هەستیارە بەرامبەر بە رووداوە جیۆسیاسییەکان.
 
تووندبوونی رکابەری: رکابەریی نێوان کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی چیپ زۆر بووە. رکابەری لە نێوان کۆمپانیاکانی وەک ( ئەی ئێم دی)، ( ئینتێل) و کۆمپانیاکانی دیکە رۆژ دوای رۆژ فراوانتر دەبێت. تووندبوونی رکابەریش بە مانای بەرتەسکبوونی قازانج و بچووکبوونەوەی پشکی کۆمپانیاکانە لە بازاڕدا.
 
ئەمە ئەو مەترسییانەن کە لەناکاو رەنگە یەخەی بازاڕەکان بگرن. کاتێک وەبەرهێنەران و بازرگانان چاوەڕوانییەکانیان لە کۆمپانیاکان لۆژیکی نەبێت، یان کاتێک هەڵەیەکی بچووک یان رووداوێکی جیۆسیاسی روودەدات، ئەگەری هەیە بازاڕ رووبەڕووی شۆکی دابەزینی پشکی کۆمپانیاکان بێتەوە.
 
کەواتە هەرچەندە شۆڕشی ژیریی دەستکرد راستەقینەیە و کۆمپانیاکانی وەک ئێنڤیدیا لە ناوەندی گەشەپێدانی ژێرخان و جێبەجێکردنی ئەم شۆڕشەدان، بەڵام خێرایی و نائاسایی زیادبوونی بەهای ئەو کۆمپانیانە، لەگەڵ نادڵنیاییە جیۆسیاسییەکان و تووندبوونی رکابەرییەکان، نابێت لەبەرچاونەگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر لەبەر ئەو شەڕە بازرگانییەی دۆناڵد ترەمپ لە دژی هاوبەشە بازرگانییەکانی هەڵیگیرساندووە، رەوشی ئابووری ئەمریکا و جیهان بەرەو قۆناخێکی سستبووەنەوە بڕوات کە زۆر لە ئابووریناسان هۆشداری لەبارەیەوە دەدەن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە