کارەسات.. لە 149 رۆژی وەرزی ئەمساڵدا، ریال مەدرید 24 پێکانی هەبووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید پێکانی یاریزانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕینی تەنیا 149 رۆژ لە دەستپێکردنی وەرزی ئەمساڵ، یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بووەتەوە، پاشئەوەی دەرکەوت کۆی پێکانە تۆمارکراوەکانی یاریزانانی ئەو یانەیە لە وەرزەکەدا، گەیشتووەتە 23 پێکان. 
 
ئەو پێکانانەی لێرەدا باسدەکرێن، بەر لە دوایین پێکانی کیلیان ئێمباپێی گۆڵکەری ریال مەدریدە کە بەپێی سەرچاوەکان، لانیکەم سێ هەفتە لە یارییکردن دووردەکەوێتەوە.
 
پێکانەکەی ئێمباپێ، کۆی ژمارەی پێکانەکانی تیپەکە لەسەرەتای وەرزەوە تاوەکو ئێستا، بۆ 24 پێکان بەرز دەکاتەوە.
 
رێژەی پێکانەکان زۆر بەرزە و لە هەر 6،4 رۆژدا، یاریزانێکی یانەکە دووچاری پێکان بووە، بەمانای ئەوەی بەنزیکەیی لە هەر یارییەکەدا، کە ریال مەدرید ئەنجامی دەدات، یاریزانێکی تووشی پێکان دەبێت.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس' ئاشکرایکردووە، پێکانە زۆرەکان توانای جەستەیی یاریزانانی یانەکەی شەکەت کردووە. ژمارەکان لە رۆژی چواری مانگی هەشتەوە دەستپێدەکەن، کاتێک تیپەکە مەشقەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێکردەوە، ئەو ژمارانە ئەو پێکانانە ناگرێتەوە کە یاریزانانی تیپەکە لە مۆندیالی یانەکاندا دووچاری بوون.
 
لە ماوەی 25 یاریی فەرمیدا لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، 14 یاریزان لە کۆی 24 یاریزانی تیپەکە، بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەی جیاواز دابڕاون (بەپێکانە نوێیەکەی ئێمباپێوە، ژمارەکە دەبێتە 15 یاریزان)، ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەو تەنگژە قووڵەی تیپەکە رووبەڕووی بووەتەوە و کاریگەریی گەورەی لەسەر توانای خۆگونجاندنی یاریزانان لە تیپەکەدا دروستکردووە.
 
راپۆرتی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، 61 لەسەدی پێکانەکان لە هێڵی پشتەوەی تیپەکە روویانداوە، لە گۆڵپارێزەوە تاوەکو بەرگریکەران، بەوەش وەک رۆژنامەکە دەڵێ، 'نەفرەت' بەرۆکی ئەو هێڵەی گرتووە، لە کاتێکدا هێڵی هێرشبەری تیپەکە کەمترین پێکانی هەبووە و تەنیا دوو یاریزان لە کۆی شەش هێرشبەری یانەکە، دووچاری پێکان بوون.
 
لە نێو 'نەفرەت'ەکەی هێڵی بەرگریدا، باڵی راستی تیپەکە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، هەریەکە لە دانی کارڤاخال و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، بەبەردەوامی دووچاری پێکان بوون، کە کاتێکدا ئانتۆنیۆ رۆدیگێر، کە تەنیا یەک پێکانی هەبووە، زۆرترین ماوە لە تیپەکە دابڕاوە.
 
گۆڵپارێزانی تیپەکە، کەمترین پێکانیان هەبووە، پێکانەکانیش ماسوولکەیی نەبوون. کۆرتوا بەهۆی هەوکردنی گەدەوە بەشداریی یاریی ئەسینای نەکرد و ئاندرێ لونینینش بەهۆی ماندووبوون و ئازار لەپشتدا ماوەیە دابڕا، بەبێئەوەی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت.
 
دانی کارڤاخال دووچاری دوو پێکانی روون بووەوە، دڕانی ماسوولکەی پاژنەی راست لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، دواتر نەشتەرگەریی کردن لە ئەژنۆی راست دوای کلاسیکۆ.
 
ئەلیکساندەر ئارنۆڵدیش کە زۆرترین پێکانی هەبووە، جارێک دووچاری دڕانی بەستەری ئەژنۆ بوو بەرامبەر مارسیلیا و دواتر دڕانی ماسوولکەی پێشەوەی ئەژنۆی چەپی لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو.
 
لە دڵی بەرگریدا، ئیدێر میلیتاو دووچاری دوو پێکان بوو لە ماسوولکەی نزیک لە ماسوولکەی گەورەی رانی راستی لە یاریی لەگەڵ بەرازیل، دواتر دووچاری دڕانی ژێیەکانی ئەژنۆی چەپی بوو لەگەڵ پێکان لە ژێی نزیک لە بەشی پێشەوەی ئەژنۆی. ئەو یاریزانە لەوکاتەوە لە شەش یارییدا بەشداریی نەکردووە و پێشبینی زیاتریش دەکرێت.
 
هەرچی هۆیسنە، سێ پێکانی سووکی تووشبووە، لە ماندووبوونی ماسوولکەی پاژنەی چەپەوە تاوەکو هەستکردن بەناڕەحەتی لە ماسوولکەی چوارینەی رانی چەپی.
 
ئانتۆنیۆ رۆدیگێر تەنیا یەک پێکانی تووشبووە، بەڵام تووند بوو. ئەو تووشی پچڕانی ماسوولکەی پێشەوەی رانی چەپی بووەوە لە کاتی مەشقەکان و ماوەی 15 یاری لە تیپەکە دابڕا.
 
لە بەرامبەردا، ئەسێنسیۆ دووچاری پێکانی ماسوولکەیی نەبوو، بەڵام دووجار نەخۆشیی ڤایرۆسیی گرت، لە کاتێکا داڤید ئالابا دوو پێکانی لە ماسوولکەی پاژنەی راست و کولانەوە لەماوەی شیاندنەوەدا تووشبوو. لە باڵی راست، کارێراس و فران گارسیا لە پێکان دووربوون، بەڵام فێرلان مێندی دووچاری دڕانی ماسوولکەی پێشەوەی راستی راستی بووەوە.
 
پێکانەکانی هێڵی ناوەڕاست، کۆی 39 لەسەدی سەرجەم پێکانەکانی تیپەکە پێکدەهێنێت.
 
چوامینی تووشی دڕانی ماسوولکەی نیو بەستەریی قاچی چەپی بوو لە دوای یارییەکەی لیڤەرپوول لەچامپیۆنزلیگ و دوو یاریی دوورکەوتەوە. هەرچی کاماڤینگایە بەدەست سووڕانی پاژنەوە ناڵاندی لەسەرەتای وەرزدا و دواتر لە یاریی بیلباودا پێکانەکەی سەریهەڵدایەوە.
 
ڤاڵڤێردی، هەستی بەئازار دەکرد لە قاچیدا و لە دوایین دوو یاریی تیپەکە دوورکەوتەوە، لەکاتێکدا گولەر و بێلینگهام بەبێ پێکان مانەوە. بەڵام جود لەسەرەتای وەرزدا بەشداریی نەکرد، بەهۆی شیاندنەوەی نەشتەرگەریی شان. هەرچی سیبایۆسە تووشی کشانی بەستەرەکانی ئەژنۆی چەپی بوو لە مەشقەکاندا.
 
لە هێڵی پێشەوەی تیپەکەدا، دۆخەکە تەواو جیاوازبوو، تەنیا چوار پێکان تۆمارکران.
 
دوویان ماستانتونۆبوون  کە بریتی بوون لە ماندووبوونی ماسوولکە و ئازار لە کلێنچکدا. لە کاتێکدا ئێمباپێ دووچاری پێکان بوو لە ئەژنۆی چەپ و کولانەوەی هەمان پێکان. لە کاتێکدا ڤینیسیۆس، رۆدیگۆ، براهیم دیاز و گۆنزالۆ لە پێکان دووربوون.
 
لەنێو ئەم ژمارە زۆر و دووبارەیەی پێکاندا، سیستمی ئامادەسازیی و توانای جەستەیی ریال مەدرید رووبەڕووی دڵەڕاوکەی زۆر بووەتەوە. هەستێک لە نێو تیپەکەدا زیادیکردووە کە تیپەکە توانای بەردەوامبوون بەهەمان ریتمی سەرەتای یارییەکانی نییە، کاتێک نزیکدەبێتەوە لە کۆتایی یارییەکان. هەندێک یاریزان شەکەت دەردەکەون، ئەمەش وایکردووە جارێکی دیکە ناوی ئانتۆنیۆ پینتۆس کە ئێستا بەڕێوەبەری ئاستە لە یانەکە، ناوی بکەوێتەوە نێو ناوان، بۆ ئەوەی پێشەوایەتی راستکردنەوەی ئەو دۆخە بکات، کە تیپەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
 
ژمارەکان جێگەی گومان نین. 23 پێکان لە 149 رۆژدا، بەڕێژەی پێکانێکی هەفتانە و 61 لەسەدی لە هێڵی پشتەوەی تیپەکە، تەنگژەیەکە کاریگەریی لەسەر بەردەوامبوونی یاریزانان دروستکردووە و سەقامگیریی تیپەکەی شێواندووە، هەروەها هەڕەشەی لەسەر گەشەکردنی دروستکردووە.
 
ئەوەی روودەدات، رێکەوت نییە، بەڵکو هۆشداریی تەنگژەیەکی قووڵە کە ریال مەدرید تێیکەوتووە و پێویستی بەچارەسەری خێرا هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە