رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە بەهۆی ئەنجامەکانی تیپەکە لە چەند یاریی رابردوودا، ئەگەرچی چەندین کەس بەهۆی ئەنجامەکانەوە لە یانەکە تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام پێدەچێ ڤایرۆسێکی بێدەنگ، لە پشت کێشە گەورەکانی تیپەکەوە بێت، ئەو ڤایرۆسەش پێکانی یاریزانانە.
لە مانگی یانزەوە تاوەکو ئێستا، ریال مەدرید لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لە کۆی هەشت یاری، تەنیا سێ یاریی بردووەتەوە و لە سێ یاریشدا یەکسانبووە. دوایین دۆڕانیشی دوێنێ شەو بوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، بەرپرسی یەکەمی شکستەکانی ریال مەدرید، ڤایرۆسی پێکانی یاریزانانە.
بەپێی رۆژنامەکە، لە ماوەی تەنیا 31 رۆژی رابردوودا، 13 یاریزانی ریال مەدرید تووشی پێکانبوون، ئەوەش هاوکات بووە لەگەڵ ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە.
رۆژنامەکە پێیوایە، ئەو ژمارە زۆرەی پێکانی یاریزانان بەسە بۆ "تێکدانی ریتمی تیپەکە و لەدەستدانی سەقامگیرییەکەی"، وایداناوە ئەوە "دوژمنێکی بێدەنگە" و بەرۆکی یانەکەی گرتووە و هۆکاری سەرەکیی ئەنجامە خراپەکانە.
لە یاریی دوێنێ شەوی یانەکەدا، دەرکەوت نوێترین یاریزانی پێکراوی تیپەکە، کیلیان ئێمباپێیە کە نەیتوانی بەشداریی یارییەکە بکات، لە کاتێکدا رۆژنامە ئیسپانییەکە، ئەوی لە لیستی پێکانە زۆرەکانی یانەکەدا دانەناوە.
لە یاریی پێشوودا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، هەریەکە لە ترێنست ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و ئێدواردۆ کاماڤینگا، دووچاری پێکان بوون و لەگەڵ چەندین یاریزانی دیکەی تیپەکەدا، نەیانتوانی بەرامبەر سیتی یاریی بکەن.
وەک 'مارکا' دەڵێ، لەسەرەتای وەرزدا، تەنگژەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر یانەکە دروست نەکردبوو، بەڵام لە مانگی دەوە کێشەکە کەڵەکەبووە و بەردەوام پێکانی نوێ بەرۆکی یانەکە دەگرێت و هەندێک یاریزان بۆ ماوەی درێژ لە یارییەکان دووردەکەونەوە.
ئەوەی تەنگژەکەی ریال مەدریدی زیاترکردووە، ماندووبوونی یاریزانانی دیکەی تیپەکەیە بەهۆی بەردەوام یارییکردن و پشوو وەرنەگرتن کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی ئاستیان.
رۆژنامەکە دەڵێ، ریال مەدرید لە سێ مانگی یەکەمی وەرزەکەدا 13 پێکانی هەبووە، هەمان ژمارەی پێکرانی یاریزانان لە دوایین مانگدا، ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە.
لە دوایین 30 رۆژدا، هەریەکە لە تیبۆ کۆرتوا، ئەلێکساندەر ئارنۆڵد، ئیدێر میلیتاو، داڤید ئالابا، دین هاوسن، ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئێدوارد مێندی، ئۆریلیێن چوامینی، فیدریکۆ ڤاڵڤێردی، فرانکۆ ماستانتونۆ و کیلیان ئێمباپێ بەکات و شێوازی جیاواز دووچاری پێکان بوون و بەماوەی جیاواز لە تیپەکە دابڕاون.
ریال مەدرید لە دوایین یاریی خۆیدا کە بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئەنجامیدا، ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانانی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا. چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر نەیتوانی سوود لە تواناکانی هەریەکە لە کارڤاخال، ئارنۆڵد، هاوسن، میلیتاو، ئالابا، مێندی، کاماڤینگا، ماستانتونۆ و کیلیان وەربگرێت و ئەوەش بەشێکی گەورەی لە هێزی تیپەکە لە بەرامبەر رکابەرەکەیدا کەمکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ