قۆناخی پێشکۆتایی کۆنفرانسلیگ.. بێتیس و فیۆرێنتینا یارییەکی ئاگرین دەکەن

01-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کۆنفرانسلیگ ریال بێتیس فیۆرێنتینا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە قۆناخی پێشکۆتایی کۆنفرانسلیگدا، ریال بێتیسی ئیسپانی میوانداریی فیۆرێنتینای ئیتاڵی دەکات و چێڵسی ئینگلیزیش دەبێتە میوانی یۆرگاردنی سوێدی.
 
ریال بیتیس لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە جاگیلۆنیا بیالیستۆکی بردەوە، یەکەمجارە لە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکی ئەورووپا یاریی دەکات.
 
لە بەرامبەردا فیۆرێنتینا بە ئەزموونێکی زیاترەوە دێتە نێو یارییەکەوە، لە هەریەک لە دوو وەرزی رابردوودا گەیشتووەتە قۆناخی پێشکۆتایی خولی کۆنفرانسلیگ.
 
لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی فیۆرێتینا ئاسان نابێت بەو پێیەی بێتیس ئێستا لە ریزەکانیدا کۆمەڵێک یاریزانی بەئەزموونی وەک ئیسکۆ و ئانتۆنی هەیە، کە دووانەیەکی بەهێزیان پێکهێناوە.
 
فیۆرێنتینا بەهۆی ئەوەی لە دوو خولی پێشووی پاڵەوانێتییەکەدا لە یاریی کۆتاییدا دۆڕاوە، بەنیازە ئەمجارە هەموو رێگایەک ببڕێت و بە بردنەوە لە بێتیس لە قۆناخی پێش کۆتایی دەستپێدەکات.
 
لە یاریی دووەمدا یۆرگاردن لە هەمان بارودۆخی بێتیسدا دەبێت، چونکە یەکەم یاریی پێش کۆتاییە لە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپادا دەیکات، کاتێک رووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە.
 
چێڵسی ئەزموونێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەورووپا هەیە و خاوەنی دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و دوو نازناوی یۆرۆپالیگە، بەڵام ئەو ئاستە خراپەی ئەمساڵ پێشکەشیکردووە متمانەی بە یانە سوێدییە داوە.
 
چێڵسی نایەوێت ئەم دەرفەتە لەدەستبدات و دەیەوێت رکابەری لەسەر ئەم نازناوە بکات، بۆ ئەوەی لانیکەم بە نازناوێکی ئەورووپی دڵی هاندەرانی خۆش بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە