رووداو دیجیتاڵ
ئانتۆنی، یاریزانی خواستراوی یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لەماوەی یارییکردنی لە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی رووبەڕووی تەنگژەی زۆری دەروونیی بووەتەوە.
ئانتۆنی یاریزانی مانچێستەر یونایتد، زستانی ئەمساڵ بەشێوەی خواستن پەیوەندی بە ریال بێتیسەوە کرد، ئاستی لە یاریگەدا زۆر گۆڕا و لە کاتێکدا لە یونایتد گلەیی زۆری لەسەربوو، لە بێتیس بووەتە یاریزانێکی سەرەکی و گۆڵکار بۆ تیپەکەی.
ئانتۆنی لە نوێترین لێدواندا دەڵێ، "بێتیس ژیانی منی گۆڕی، لەبەرئەوە پێویستم بەوەبوو جارێکی دیکە خۆم بدۆزمەوە، بەهۆی هەموو ئەوەی لە ژیانمدا بەسەرم هات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دەموسیت زۆر شت بکەم، بەڵام پاڵنەرم نەمابوو.. دڵخۆش نەبووم، ویستی یارییکردنم لەدەستدابوو، من لە کاتێکدا تۆپی پێم زۆر خۆشدەوێت، کەچی هەستمکرد لە یونایتد هیچ حەزم لە تۆپی پێ نەماوە".
ئەو بەگریانەوە قسەی کردووە و دەڵێ، "ساتی زۆر قورسم هەبوو، بەبراکەمم گوت چیدی ناتوانم بەردەوام بم، ئەو گوتی کەمێکی دیکە ئارام بگرە، دۆخەکە دەگۆڕێت، ئەو رۆژانە زۆر ئازاربەخشبوون".
ئانتۆنی لە رۆژانی یارییکردنی لەمانچێستەر یونایتد، دووچاری کێشەی کۆمەڵایەتی و ناکۆکی لەگەڵ هاوژینەکەی بووەوە. هاوژینەکەی لە پۆلیس سکاڵای تۆمارکرد و ئەوی تۆمەتبارکرد بەوەی لێیداوە، بەڵام ئانتۆنی سووربوو لەسەرئەوەی بێتاوان بووە.
یاریزانەکەی پێشووی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی زیاتر دەڵێ، "من تەنیا خۆم دەزانم لە ماڵەوە هەستەکانم چۆن بوون. تەنانەت هێزی ئەوەم نەبوو لەگەڵ کوڕەکەمدا یاریی بکەم، چەندین رۆژ لە ژوورەکەی خۆمدا دەمامەوە بەبێ خواردن، بەڵام لە کۆتاییدا بەپشتگیریی خێزانەکەم، هەروەها بەهاوکاریی خوا، توانیم دۆخەکە تێپەڕێنم و ئەو قۆناخە ببڕم، من ئێستا لێرە زۆر دڵخۆشم".
ئانتۆنی لەماوەی یارییکردنی لە مانچێستەر یونایتد لە نیوەی ئەو وەرزەدا کە لەگەڵ یانەکە بوو، لە 14 یاریدا تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکرد، بەرلەوەی لە زستاندا رووبکاتە بێتیس.
لە یانە ئەندەلووسییەکە، ئانتۆنی نۆ گۆڵ و پێنج ئەسیستی لە نیو وەرزدا هەیە و ئەو یانە ئیسپانییە دەیەوێت بەیەکجاری گرێبەستی ئەو یاریزانە بەرازیلییە بکڕێتەوە.
ئانتۆنی ئەمڕۆ لەگەڵ ریال بێتیس لە یاریی کۆتایی کۆنفرانسلیگ، رووبەڕووی چێڵسی ئینگلیزی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ