رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، شەوی رابردوو، لە کاتی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی سەرکەوتنی یانەی پاریس سانجێرمان و بردنەوەی ناسناوی چامپیۆنزلیگ، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکە دەستگیرکران.
ناوەندی جۆش و خرۆشەکە لە پاریس بوو. دوای سەرکەوتنە پێنج بە سفرەکەی پاریس سانجێرمان بەسەر ئینتەر میلاندا لە میونشن، بە درێژایی شەو، هۆڕنلێدان، هاوارکردن، خۆشی دەڕبرین، گۆرانیگوتن و یارییە ئاگرینەکان لە پایتەختی فەرەنسا بەردەوام بوون.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، 491 کەس لە پاریس دەستگیرکران دوای ئەوەی کە هاندەرانی پاریس سانجێرمان لە شەقامی شانزێلیزێ کۆبوونەوە و لەگەڵ پۆلیس کەوتنە پێکدادان.
هەروەها گوتی، لە سەرانسەری فەرەنسادا بە گشتی، بە پاریسیشەوە، کۆی گشتی 559 کەس دەستگیرکراون.
مردنی دوو کەسەکەش لە کاتی ئاهەنگگێڕاندا بووە.
لە پاریس، پیاوێک کە سکووتەرێکی لێدەخوڕی، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک لێیدا، گیانی لەدەستدا.
داواکارانی گشتی رایانگەیاند، لە شارۆچکەی داکسی باشووری رۆژئاوا، کوڕێکی تەمەن 17 ساڵ لە نێو ئاهەنگێکدا بە چەقۆ کوژرا.
مردنەکەی ماوەیەکی کەم دوای یارییەکە و "لە کاتی ئاهەنگەکاندا" روویدا، بەڵام نووسینگەی داواکاری گشتی رایگەیاند نازانێت ئایا پەیوەندیی بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگەوە هەبووە یان نا. گوتیشی تۆمەتبار "هەڵاتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ