رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ئاژانسی 'رۆک نیشن سپۆرتس'ی تایبەتمەندی بواری کاروباری ژمارەیەک ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێ، لەسەرووی هەموویانەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید، لە مانگی دووی ساڵی داهاتوو سەردانی سعودیە دەکەن. ئەمە جارێکی دیکە مشتومڕی لەبارەی داهاتووی ڤینییەوە لە ریال مەدرید دروستکردووە.
بەپێی ئەوەی میدیاکانی سعودیە ئاشکرایانکردووە، سەردانەکە لەچوارچێوەی جموجوڵەکانی کردنەوەی دەرگای دانوستاندنە لە نێوان یانەکانی سعودیە و ژمارەیەک یاریزانی سەر بە ئاژانسەکە.
رۆژنامەی 'ریازیە'ی سعودی دەڵێ، دانوستاندن لەسەر ئەگەری چوونی چەندین یاریزانی ئەورووپی بۆ سعودیە دەکرێت.
تاوەکو ئێستا لە مەدرید مشتومڕ لەبارەی داهاتووی ڤینیسیۆسەوە بەردەوامە، بەتایبەت کە بەپێی میدیاکان، ئەو یاریزانە ئامادەنییە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێبکاتەوە و کێشەی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەریدا هەیە.
تیاگۆ فێرتاس، یەکێک لە بەرپرسەکانی ئاژانسە بەرپرسەکەی بەڕێوەبردنی کارەکانی ڤینیسیۆس بە رۆژنامە سعودییەکەی راگەیاندووە، "ناتوانم بەتایبەت دەستنیشانی بکەم کام یاریزانی ئاژانسەکەمان دەچێتە خولی سعودیە لە ماوەی نزیکی داهاتوودا، بەڵام من دەچمە سعودیە بۆ ئەوەی گوێ لە داواکاریی یانەکانی ئەو وڵاتە بگرم و لەبارەی گواستنەوەی یاریزانانەوە دانوستاندنیان لەگەڵدا بکەم".
پێشتر سەرچاوەکانی سعودیە ئەوەیان ئاشکراکردبوو یانەکانی هیلال، ئیتیحاد، ئەهلی و نەسڕ، بەشێک دەبن لە دانوستاندن لەگەڵ ئاژانسەکە، بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی ئاژانسەکەدا بکەن، بەئومێدی ئەوەی ڤینیسیۆسیش یەکێک بێت لەو یاریزانانەی دەچنە خولەکە.
سعودیە لە ساڵانی نزیکی رابردوودا پاش گرێبەستکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزانی گەورەی ئەورووپادا کرد و دوو هاوینی رابردوو، یانەکانی ئەو خولە، یەکێکبوون لە چالاکترینەکانی سەرئاستی جیهان لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان و ئەستێرەکانی هەموو جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ