بەربژێرەکانی شوێنگرتنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی ریال مەدرید

01-12-2025
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکسانبوون بەرامبەر جیرۆنا، جارێکی دیکەی دەرگای دۆزەخی بە رووی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ریال مەدرید کردەوە، پاشئەوەی تیپەکە پێشەنگی ریزبەندی لالیگای لەدەستدا و سێیەم یاریی لەسەریەک یەکسانبوو.
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا بۆچوونی باو لە نێو ریال مەدرید بەردەوامبوونی ئەلۆنسۆیە لە مەشقدانی تیپەکە بۆ ماوەی نزیکی داهاتوو، بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە پشت دەرگا داخراوەکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆوە، لیستی راهێنەرە بەربژێرەکان بۆ شوێنگرتنەوەی ئەلۆنسۆ ئامادە دەکرێن، ئەوەش بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی تیپەکە.
 
ئەگەر پلان و بیرۆکەکانی ئەلۆنسۆ لەگەڵ تیپەکەدا بەردەوام بن لە نەگونجان، بڕیاری دوورخستنەوەی چابی لەوە خێراتر دەدرێت کە پێشبینیکراوە. میدیای ئیسپانیا دەڵێن شەش ناوی سەرەکی بەربژێرن بۆ چوونە شوێنی ئەلۆنسۆ.
 
زینەدین زیدان
 
لەگەڵ هەموو تەنگژەیەکی ریال مەدریددا، ناوی زیزۆ دەبێتەوە مانشێت. زیدان تەنیا راهێنەرێکی پێشووی یانەکە نییە، بەڵکو ئەو فریادڕەسەیە کە پێشتر تیپەکەی لە داڕووخانەوە گەیاندەوە لووتکەی ئەورووپا و سێ وەرزی بەسەریەکەوە بەبراوەی چامپیۆنزلیگ هێشتییەوە.
 
زیدان هەموو کات لای مەدریدییەکان دڵخوازە، بەڵام ئەمجارە دەنگۆکانی چوونی ئەو بۆ شوێنی دیدێ دیشامی راهێنەری فەرەنسا کە بڕیارە لە دوای مۆندیالی داهاتوو وازە لە کارەکەی بهێنێت، تەگەرەیەکی گەورە لەبەردەم گەڕانەوەی بۆ مەدرید دروستدەکات، ئەگەرچی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا دەڵێ، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆئەوەی زیزۆ شوێنی دیشام بگرێتەوە.
 
یولیان نایگێلسمان
 
یولیان راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئەڵمانیاش خۆی بۆ مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەکات، هەر بیرکردنەوەیەک لەو راهێنەرە، واتای بەردەوامبوونی ئەلۆنسۆ لە پۆستەکەی، لانیکەم تاوەکو کۆتایی هاتنی مۆندیال لە هاوینی داهاتوودا.
 
یولیان لای سەرۆکی ریال مەدرید دڵخوازە، ئەوەش لەبەر نەرمیی لە مەشقدان و پلان و کارکردن، هەروەها کەسایەتیی بەهێز و کاریگەری. دووریش نییە سەرکەوتنی پڕۆژەی فلیک لە بارسا، ریالیش زیاتر مەیلداربکات بەئاراستەی هێنانی راهێنەرێکی گەنجی ئەڵمانی.
 
رائول گۆنزالێس
 
ماوەیەکی زۆرە ئەو پرسیارە لە داڵانەکانی سانتیاگۆدا خۆی دووبارە دەکاتەوە، کەی کاتی گۆنزالێس دێت؟ ئەفسانەیەکی مۆدێرن لە ریال مەدرید، کەسایەتییەکی خۆشەویست لای هەمووان کە شارەزای ورد و درشتی یانەکەیە.
 
رائول دەکرێ هەمان ئەزموونی زیدان دووبارەبکاتەوە، بەڵام ئەو ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە مەشقداندا نییە و دەکرێ بارودۆخەکان بەپێی پێویست خزمەتی نەکەن.
 
ئەلڤارۆ ئاربێلوا
 
ئاربێلوا هێندە جێگەی متمانەی کارگێڕیی ریال مەدریدە، لە رێوڕەسمە تایبەتەکانی تیپی یەکەمیشدا ئامادە دەبێت. لەوانەیە ئاربێلوا دیارترین ناوی نێو میدیاکان نەبێت، بەڵام لە رووی کارگیڕییەوە زۆر بەهێزە، متمانەی زۆری پێدەکرێت، لەگەڵ تیپی لاوانی یانەکەشدا ئاستی خەیاڵییە.
 
کەسایەتییەکی تووند و نوێگەرانەی هەیە، پێشەنگایەتی دەکات و توانای کۆنترۆڵکردنی ئەستێرەکانی تیپەکەی هەیە.
 
یۆرگن کڵۆپ
 
دڵخوازترین راهێنەری نێو هەر لیستێکە بۆ مەشقدانی هەر یانەیەک. کڵۆپ خاوەن وزەیەکی زۆری ئیشکردنە، برسییە بۆ کارکردن. هەمووان پێی سەرسامن و خۆشیان دەوێت. خاوەنی ئەزموونی گەورەیە و کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە.
 
کڵۆپ دەتوانێت شۆڕش لە شێوازی یارییکردنی یانەکەدا دروست بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەو لەگەڵ کۆمپانیای رێدبوڵ کاردەکات و رایگەیاندووە جارێ نایەوێت بگەڕێتەوە نێو سەرئێشەکانی راهێنەرایەتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە