رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی لە کلاسیکۆدا بکاتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی ئێلچی یاری دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی یازدەی خولی ئیسپانیا، کاژێر 20:30 یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی ئێلچی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دوایین دۆڕانی بکاتەوە، کە لە کلاسیکۆدا بەرامبەر ریال مەدرید تووشی بوو.
هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو، بەشێکی زۆری یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و دانی ئۆلمۆ گەڕاونەتەوە نێو مەشقەکانی یانەکە و ئەگەری هەیە چەند خولەکێک بەشداری لە یارییەکەدا بکەن.
بارسا بەشێوەیەکی کاتی پلەی دووەمی ریزبەندی لەدەستداوە و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و لە رکابەریکردن ریال مەدرید دوورنەکەوێتەوە.
ئێلچی لە 10 یاریی رابردوودا ئەنجامەکانی باشن، تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە، بە سێ بردنەوە و 5 یەکسانبوون لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە.
بارسێلۆنا دوایین 10 یاریی بەسەریەکەوە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لە ئێلچی بردووەتەوە و لە دوایین دوو یارییشدا بەرامبەر ئەو یانەیە 7 گۆڵی کردووە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە دەڵێت "بۆ ئێمە یارییەکەی ئێلچی گرنگە و دەبێ دۆخێکی باشمان هەبێت. بەو شێوازە گوشاریان لەسەر دروست بکەین کە خۆمان دەمانەوێت، هەروەها پلانی یارییەکەیان بەسەردا بسەپێنین. لە دوو رۆژی رابردوودا زۆر دڵخۆش بووم. پێزانینی زۆرم بۆ ئەوە هەیە کە لە مەشقەکاندا بینیم. دانی ئۆڵمۆ گەڕاوەتەوە، لیڤاش بەهەمان شێوە، ئەمانە هەواڵی خۆشن. بێگومان پێدریمان لەگەڵ نابێت، بەڵام ئەم وەرزە دۆخەکە بەو شێوەیەیە و دەبێ قبووڵی بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ