رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی هاروون ئەحمەد، یاریزانی کوردی یانەی دالکوردی سوێدیی بۆ ریزەکانی راگەیاند.
دهۆک لەسەر پەیجی فەرمی خۆی گواستنەوەی یاریزانە کوردەکەی راگەیاند، کە بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی سێ مانگ و تاوەکو دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی پلە یەکی سوێد دەبێت.
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە پەیامێکدا نووسیوویەتی " بەناوی خۆم و کارگێڕیی یانەی دهۆک سوپاسییەکی هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە رێگەخۆشکەربوون گرێبەستکردن لەگەڵ هاروون ئەحمەد بگاتە رێگەی راست."
سەرۆکی یانەی دهۆک زیاتر دەڵێت " سەرەڕای ئەوەی چەندین گرێبەستی گرانبەها لەسەر ئاستی عێراق و ئاسیا پێشکێشی هاروون کرابوون، بەڵام وەفاداریی ئەو بۆ ناوی یانەی دایک و خەمخۆریی هەردوو کوڕی پارێزگای دهۆک کاوە عەبدوڵلا و سەرکەوت عەبدوڵلا جونەید بوونە پردێک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یاریزانەکە خۆی لە باوەشی یانەی دهۆک ببینێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی یانەی دهۆک نووسیوویەتی " ئێمە وەک کارگێڕیی یانەی دهۆک ئەم وەفارییە بە چاوێکی گەورەوە دەبینین و هیوادارم لە داهاتوودا بەیەکەوە سەرکەوتووبین، دووبارە سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاربوون لە تەواوکردنی کارەکەدا."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی یەکشەممە دوایین کۆبوونەوە لەنێوان یانەی دهۆک و بەرپرسانی دالکورد و هاروون ئەحمەد کراوە و گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
هەر ئەمڕۆ هاروون ئەحمەد بەشداری لە یەکەم مەشق و راهێنانی یانەی دهۆکدا دەکات، کە خۆی بۆ قۆناخی دووەمی خولی پلە یەکی عێراق ئامادەدەکات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی دهۆک دەیباتە ریزەکانی، بەختیار رەحمانی، یاریزانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و یانەی دالکوردە، بڕیارە سبەی بەختیار رەحمانی بەرەو باشووری کوردستان بەڕێبکەوێت بۆ ئەوەی بەدرێسی دهۆکەوە یاری بکات.
ئیزیکێل مۆنتانا، یاریزانی ئەرجەنتینی بەهەمان شێوە رێککەوتنی لەگەڵ کراوە و لە قۆناخی دووەمدا یاریزانی یانەی دهۆک دەبێت، فرانک ئارهین، یاریزانی غانیش لە یانەی دالکوردەوە پەیوەندی بە یانەی دهۆکەوە دەکات، بەڵام ئەمیان هێشتا کارەکانی گرێبەستەکەی تەواو نەبوون.
هەموو ئەم گرێبەستانەی یانەی دهۆک لەگەڵ یاریزانانی دالکورد کردوویەتی بێبەرامبەر کراون، دالکورد سەرجەم خەرجییەکانی ئەو یاریزانانە دابیندەکات و وەک هاوکارییەک بۆ یانەی دهۆک بۆ گەیشتن بە خولی نایاب ئەو یاریزانانەی بەشێوەی خواستن دەداتە یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ