رووداو هەولێر
سەرۆکی یانەی دهۆک لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، هێنانی ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرز و دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق و هێشتنەوەی هاروون ئەحمەد لە ریزەکانیاندا ئاشکراکرد.
یانەی دهۆک وەرزی ئەمساڵ بەبردنەوەی جامی یانەکانی کەنداو دەسکەوتێکی گەورەی نووسییەوە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراقیش ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، بەڵام لە دوای رۆیشتنی مەسعود میراڵ، راهێنەری پێشووی یانەکە تیپەکە ئاستی بەرەو داکشان چووە و لە دوایین حەوت یارییدا تیپەکە سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە.
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی وەرزشی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "ئێمە ئامادەکارییەکی زۆرمان کردووە بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە رێکخستنەوەی تیپەکەمان و بەشێوەیەک تیپێک دروستدەکەین لە ئاست ناوی دهۆک بێت، گۆڕانکاری دەکەین و لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵ لە ئەنجامەکانی تیپەکەمان رازی نین و بەرپرسیارییەتیەکەش دەکەوێتە ئەستۆی یاریزانان، پشتیوان بەخوا لە رۆژانی داهاتوو و سەرەتای مانگی حەوت گرێبەستی باش رادەگەیێنین".
بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 20ـی مانگی حەوتی ئەمساڵ دەکرێتەوە و دوو مانگ دەخایەنێت، بەر لە کردنەوەی مێرکاتۆی هاوینە چاوێکی زۆر لەسەر ژمارەیەک ئەستێرەی یانەکانی کوردستان بەتایبەت هاروون ئەحمەد، ئەستێرەی یانەی دهۆک کە وەک ناوەڕاستکارێکی ئاسبەرز خەڵاتی باشترین یاریزانی جامی یانەکانی کەنداوی وەرگرت.
جەلال زیاتر گوتی "لای ئێمە قسەیەک نییە کە بڵێین یاریزانی سوپەر دەهێنین، یاریزانی باش بەپێی پێویستی تیپەکە دەهێنین و گۆڕانکاری گەورە دەکەین، هاروون ئەحمەد پشتیوان بەخوا لە ریزەکانمان دەمێنێتەوە".
ئێستا یانەی دهۆک 54 خاڵی لەخولی ئەستێرەکانی عێراق کۆکردووەتەوە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ