لووتکەی ئاسیا ژاپۆن و ئێران کۆدەکاتەوە

03-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ژاپۆن ئێران جامی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رکابەرییەکانی قۆناخی هەشتی جامی ئاسیا کۆتاییدێن، دوو یاریی دیکە بەڕێوەدەچن و ئەو هەڵبژاردانە یەکلادەبنەوە کە دەگەنە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی لووتکەی ئەم قۆناخەدا، هەردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن و ئێران لە کاژێر 14:30 رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یەکێک لەو دوو هەڵبژاردەیە ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە دەکات.
 
ژاپۆن ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە و دوای بردنەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین، دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کارۆ میتۆما، ئەستێرەی پرێمەرلیگیش ئامادەیە بۆ ئەوەی بەشێوەی سەرەکی یاری بکات.
 
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئێران لە یاریی رابردوودا بە زەحمەت بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە سووریای بردووەتەوە و ماندوویەتییەکی زیاتری بینیووە تاوەکو گەیشتووەتە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە.
 
جگە لەوەش لە یارییەکەدا مەهدی تارمی، ئەستێرەی و هێرشبەری هەڵبژاردەکە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوورەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
ئێران و ژاپۆن، بەسەرجەم و خول پاڵەوانێتییەکان، یاریی دۆستانە و فەرمی 20 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ژاپۆن 6 یاریی بردووەتەوە، ئێران خاوەنی 8 بردنەوەیە و 6 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە کاتێکدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ساڵی 2019 لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو، ژاپۆنییەکان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەرامبەر ئێران بەدەستهێنا و یاریی کۆتاییان بە قەتەر دۆڕاند.
 
دوایین یاریی قۆناخی هەشتی جامی ئاسیا، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی قەتەری میوانداری پاڵەوانێتییەکە و ئوزبەکستان دەبێت و یارییەکە کاژێر 18:30 بەڕێوەدەچێت.
 
هەڵبژاردەی قەتەر، پاڵەوانی جامی ئاسیای رابردووە و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، بۆ ئەوەش پشت بە یاریگە و هاندەرانی دەبەستێت.
 
ئوزبەکستان 8 جار بەشداریی لە جامی ئاسیادا کردووە، تەنیا لە 2011 پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە، دەیەوێت ئەمجارە هەنگاوی زیاتر لە رکابەرییەکەدا بچێتە پێشەوە.
 
هەڵبژاردەی ئوزبەکستان بەرامبەر قەتەر مێژوویەکی باشی هەیە، لە دوایین 6 یاریی فەرمی نێوان هەردوو هەڵبژاردەدا، ئوزبەکستان سەرجەم یارییەکانی لە قەتەر بردووەتەوە و دەیەوێت ئەمڕۆ بەبردنەوەیەکی دیکە خۆی بگەیێنێتە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە