رووداو دیجیتاڵ
کیڤن دی برۆین، ناڕاستەوخۆ داوای مانەوە لە مانچێستەر سیتی دەکات و دەڵێت "من هێشتا دەتوانم خزمەتی ئەم تیپە بکەم". هەروەها دەڵێت "زۆر لە هاوڕێکانم خەمبارن بۆ رۆیشتنم لە یانەکە".
کیڤن دی برۆین، کە تاکە گۆڵی مانچێستەر سیتی تۆمارکرد لە بردنەوەی 1-0 بەسەر ولڤەرهامتندا، دوای یارییەکە دانی بەوەدانا کەلەوانەیە ئەوە دواگۆڵی بێت لە یاریگای ئیتیحاد تۆماری بکات.
دی برۆینی تەمەن 33 ساڵ، لە کۆتایی وەرزەکەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت دوای ئەوەی مانچێستەر سیتی بڕیاریدا گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە.
ئەستێرە بەلجیکییەکە دوای یارییەکە قسەی کرد و روونیکردەوە کە ئەو بڕیارە هی ئەو نەبووە و زۆر لە هاوڕێیانی خەمبارن بە رۆیشتنی.
دی برۆین بە Sky Sportsـی راگەیاند "دەزانم تەنیا یەک یاریم لە یاریگای ئیتیحاد ماوە، بەڵام هەوڵ دەدەم کارەکەی خۆم بەباشی بکەم و یارمەتی تیپەکە بدەم".
ئەو هەروەها گوتی "زۆر لە هاوڕێیانم گوتیان خەمبارن بۆ ئەوەی کە من دەبێت بڕۆم. نازانم داهاتوو چی دەهێنێت، بەڵام پێموایە هێشتا دەتوانم لەم ئاستەدا یاری بکەم".
دی برۆین نزیکەی 10 ساڵ یاریزانی سەرەکی بووە لە مانچێستەر سیتی و ئێستا لەنێو گۆڵکارە هەرە گەورەکانی یانەکەیە کە تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵەوەیە.
ئەو 30 گۆڵی لە خولەکەدا تۆمارکردووە لەو کاتەوەی تەمەنی بووەتە 30 ساڵ، تەنیا یایا تۆرێ و سێرجیۆ ئەگوێرۆ لەپێشترن (هەردووکیان 41 گۆڵیان هەیە).
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی ستایشی بەشدارییەکانی دی برۆینی کرد و گوتی کە ئەم ئەستێرەیە جێگرەوەی نییە "تەنیا دەڵێین سوپاس. ئەوەی لە 9 ساڵی رابردوودا بەدەستمان هێناوە بەبێ ئەو نەدەهاتە دی".
مانچێستەر سیتی ئێستا لە دۆخێکی باشدایە بۆ ئەوەی سەرکەوێت بۆ چامپیۆنزلیگ و هەروەها خۆیان ئامادە دەکەن بۆ یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس لە 17ـی ئەم مانگە.
دی برۆین دەڵێت "تیپەکە خەریکە خۆی دەدۆزێتەوە و هیوای خواست وەرزەکە بەباشی کۆتایی پێبێنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ