وێستگەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ دیبرۆین

18-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیڤن دیبرۆین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەگەری هەیە کیڤن دیبرۆین، دوای رۆیشتنی لە مانچێستەر سیتی، ئەمجارە خولی ئیتاڵیا تاقیبکاتەوە و تەنیا 3 ملیۆن یۆرۆ کێشەی بەردەم چوونی ئەو یاریزانەیە بۆ سێری ئا.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیتاڵیا، یانەی ناپۆلی دەستەوارەیەکی پێشکێشی دیبرۆین کردووە، بۆ ئەوەی بۆ دوو ساڵ گریبەست لەگەڵ ئەستێرە بەلجیکییەکە بکات و ئامادەیە 7 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵان و پاداشتی دیکەش بداتە ئەستێرە بەلجیکییەکە.
 
دیبرۆین گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی لە 30-6-2025 کۆتاییدێت، یاریزانەکە دوای ئەم وەرزە لە یانەکە دەڕوات و ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.
 
کیڤن تەمەنی 33 ساڵە، لە 2015ـەوە لە یانەی مانچێستەر سیتی یاری دەکات، میدیای ئیتاڵیا دەڵێت "هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبەری کارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی ناپۆلی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی وردەکارییە داراییەکانی نێوان هەردوولادا بکەن، لەکاتێکدا دیبرۆین داوای مووچەیەکی 10 ملیۆن یۆرۆیی دەکات بۆ ساڵێک."
 
چاوەڕواندەکرێت دیبرۆین خۆی بچێتە ئیتاڵیا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی ناپۆلی بکات و لەبارەی پڕۆژەی یانەکەوە قسە بکەن.
 
لە ئەگەری چوونی دیبرۆین بۆ یانەی ناپۆلی، یاریزانەکە لەگەڵ رۆمێلو لوکاکۆی هاونیشتمانی یاریی دەکات.
 
کیڤن دیبرۆین ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 27 ملیۆن یۆرۆ، یانەی نەسڕی سعودی داوای دەکات و یاریزانەکە ئازادە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی وێستگەی داهاتوویەوە نەداوە.
 
دیبرۆین لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەڵێت "لەگەڵ یانەکان گفتوگۆ دەکەم، پێویستە ئەو بڕیارەی دەیدەم گونجاو بێت بۆ خێزانەکەم و منداڵەکانم، بۆیە بڕیارەکە ئاڵۆزە."
 
ئەستێرە بەلجیکییەکە لە مانچێستەر سیتی 6 نازناوی پرێمەرلیگ، 3 نازناوی جامی یەکێتی ئینگلتەرا، 5 نازناوی کاراباو کەپ، 2 نازناوی قەڵخانی ئینگلتەرا و نازناوێکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە