بکوژەکەی بارسێلۆنا، راهێنەری ئیتاڵیا بەبێڕێز ناودەبات

03-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیتاڵیا فرانچیسکۆ ئاچێربی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فرانچیسکۆ ئاچێربی، بەرگریکەری یانەی ئینتەرمیلان و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، هۆکاری رەتکردنەوەی چوونە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ دوو یاریی داهاتوو، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئاشکراکرد و گوتی ئەوان رێزی منیان نەگرت.
 
ئاچێربی لەماوەی رابردوودا خۆشەویستییەکی زۆری هاندەرانی ئینتەرمیلانی بەدەستهێنا، پاشئەوەی گۆڵی سەرکەوتنی یانەکەی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر بارسێلۆنا تۆمارکرد.
 
ئەو یاریزانە 37 ساڵانە، لە دوای لەدەستدانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، بانگهێشتی ریزەکانی ئیتاڵیا کرا بۆ دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر نەرویج و مۆڵداڤیا، بەڵام چوونی رەتکردەوە و گوتی، "من بەشێک نیم لە پڕۆژەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە".
 
ئاچێربی دووپاتیکردووەتەوە، بڕیارەکەی پەیوەندی بەشکستی قورسی ئینتەرمیلان بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ نییە، کە بە 5 - 0 کۆتایی هات، بەڵکو وەک ئەو دەڵێ، لەلایەن ئەو کەسانەوە کە هەڵبژاردەکە بەڕێوەدەبەن، وەک پێویست رێزی لێنەگیراوە.
 
بەرگریکەرەکە دەڵێ، لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لەسەرەتادا منی بۆ هەڵبژاردەکە بانگهێشت نەکرد، بەڵام دواتر یاریدەدەرەکانی گوشاریان لێکرد، ئینجا منی بانگکرد، بەڵام دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ، بە راهێنەرانی هەڵبژاردەکەم راگەیاند کە ناچمە هەڵبژاردەکە، چونکە هەستمکرد وەک پێویست رێزم لێنەگیراوە.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، من هەموو کات خزمەتی هەڵبژاردەکەم دەکەم، بەڵام لە شوێنێک نابم کە منیان نەوێت. روونە کە من بەشێک نیم لە پرۆژەی سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردەکە، ئەمە بڕیاری کاتیی منە کە ناچمە هەڵبژاردەکە، بەڵام بەیەکجاری واز لە یاریی نێودەوڵەتی ناهێنم.
 
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە دوایین دوو مۆندیالدا بەشدارینەکرد، پاشئەوەی شکستی هێنا لەسەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ هەردوو جامە جیهانییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە