زانیارییەکی نوێ.. بۆچی جۆتا نەیویستووە بە فڕۆکە بگەڕێتەوە ئینگلتەرا؟

03-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن دیۆگۆ جۆتا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی پۆرتوگالی و هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەگەڵ ئاندرێی برای گیانیان لەدەستدا. رووداوەکە لە پارێزگای زامۆرا لە ئیسپانیا روویداوە.

بەپێی زانیارییەکان، جۆتا و براکەی لە پۆرتوگالەوە هاتوونەتە ئیسپانیا بۆ ئەوەی بچنە ئینگلتەرا، بەڵام هۆکارێکی تایبەت هەبووە وایکردووە ئەوان بە فڕۆکە گەشت نەکەن، کە دواجار هەر ئەوەش بووە هۆکاری گیان لەدەستدانیان.

بەپێی زانیارییەکان، جۆتا و براکەی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لامبۆرگینی لە رێگادا بوون بۆ ئەوەی لە رێگەی دەریاوە بگەڕێنەوە بەریتانیا و جۆتا پەیوەندی بە مەشقەکانی پێشوەرزەی یانەی لیڤەرپوولەوە بکات. لەناکاو تایەیەکی ئۆتۆمبێلەکە دەتەقێت و لە کۆنترۆڵ دەردەچێت، پاشان ئاگر دەگرێت، بەهۆیەوە هەردووکیان لە شوێنی رووداوەکە گیان لەدەستدەدەن.

جۆتا بەهۆی ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر نەشتەرگەریی سییەکانی بۆ کرابوو و پزیشکەکان رێنماییان کردبوو گەشتی ئاسمانی ئەنجام نەدات، بۆیە بڕیاری دابوو لە رێگەی وشکانییەوە گەشت بکات.

جیهانی تۆپی پێ بەهۆی ئەم رووداوەوە لە ماتەمینییەکی قووڵدایە و لە سەرانسەری جیهانەوە، پەیامی هاوخەمی بۆ هێرشبەرە 28 ساڵانەکە دەنێردرێت. جۆتا بە یەکێک لە یاریزانە بەهرەمەندەکان دادەنرا و هەمیشە بە پیشەگەرییەکەی لەنێو یاریگا و دەرەوەیدا ناسرابوو.

ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال دوو نازناوی نەیشنسلیگی بردووەتەوە و لەگەڵ لیڤەرپوولیش پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە