پرسی راهێنەری یانەی هەولێر یەکلایی نەبووەتەوە

05-08-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن سەمیر بابۆ باسم قاسم یانەی هەولێر
A+ A-
رووداو هەولێر 

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند کە لەگەڵ سەمیر بابۆ و باسم قاسم بەتەنیا دانیشتوون و گوتی "داواکارییەکانیان نزیکە لە یەکدی".
 
دوای دەستبەرکاربوونی دەستەی کارگێڕیی نوێی یانەی هەولێر، پرسی دەستنیشانکردنی راهێنەر و نوێکردنەوەی تیپی تۆپی پێی خولی ئەستێرەکانی عێراق کاری یەکەمی کارگێڕیی یانەکەیە. 
 
رۆژی پازدەی مانگی حەوتی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی هەندێک کێشە و نەبوونی یەکدەنگی لەنێوخۆی لایەنە پەیوەندارەکانی شاری هەولێر زیاتر لە دوو هەفتە دەرگای یانەکە داخرا.
 
دواکەوتنی ئامادەکاریی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراق وایکرد دەنگی ناڕەزایەتی هاندەران بەرز بێتەوە و بەدەستپێشخەری پارێزگاری هەولێر، سەفین یاسین پۆستی سەرۆکایەتی یانەکەی وەرگرت و نۆ کەسی دیکەش وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە بەڕێوەدەبەن. 
 
یانەی هەولێر سێجار لەگەڵ سەمیر بابۆی راهێنەر کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، راهێنەر و دەستەی کارگێڕیی لە یەکدی نزیکن، بەڵام ئەوەی بابۆ داوای دەکات مانەوەیەتی بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ تیپەکەدا و بوونی سەقامگیریی و پاڵپشتیی دارایی بەردەوامە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق. 
 
هێشتا یانەی هەولێر و سەمیر بابۆ، ناسراو بە گواردیۆلاکەی کوردستان کە وەرزی رابردووش سەرکردەی تیپەکە بوو نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، باسم قاسم راهێنەری ناسراوی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ کراوە، بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەی هەولێر.
 
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە لەگەڵ سەمیر بابۆ دانیشتین و داواکاریی ئەومان وەرگرتووە، دوێنێ شەو لەگەڵ باسم قاسم بەهەمانشێوە دانیشتووین و داواکاریی ئەویش وەرگیراوە، هەردوو راهێنەر داواکارییەکانیان لە یەکدی نزیکە و شتێکی ئاساییە یانە لە کاتی نوێکردنەوەی تیپ لەگەڵ چەند راهێنەرێک قسە بکات". 
 
ئێستا باسم قاسم لە هۆتێلێکی شاری هەولێرە و چاوەڕواندەکرێت ئەگەر گرێبەستی لەگەڵ بکرێت بمێنێتەوە، ئەگەر رێککەوتنیش نەکرێت هەر ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بەغدا.
 
هەولێر لەدۆخێکی قورسدایە و هێشتا بەشێک لە ماف و شایستە داراییەکانی وەرزی رابردووی یاریزانەکانی نەداوە، سێ بەشی یاریزانانی تیپەکەی رۆیشتوون و هێشتا گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێک نەکراوە، کات تێپەڕ دەبێت و دۆخەکە لە بەرژەوەندی یانەکە نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە