رووداو دیجیتاڵ
لەم دواییانەدا زۆر هەواڵ لەسەر ئەگەری گەڕانەوەی تاکێفوسا کوبۆی یاریزانی ژاپۆنی بۆ ریزەکانی ریال مەدرید بڵاوبوونەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستە نایابەی کە یاریزانە ژاپۆنییەکە لە قۆناخەکانی سەرەتای ئەم وەرزەدا لەگەڵ ریال سۆسیداد پێشکێشی کردووە.
ریال مەدرید لە هاوینی 2022 نیوەی ئەو یاریزانەی بە 6.5 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتبوو، واتا 50%ـی ئەو یاریزانەی هێشتووەتەوە لە بەرامبەر ئەوەی ئەگەر بیەوێتەوە دەتوانێت بە 30 ملیۆن یۆرۆ بکڕێتەوە، کە بەهای مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە 60 ملیۆن یۆرۆیە.
رۆژنامەی بێرنابیۆ دیجیتاڵ بڵاویکردەوە، یانەی ریال مەدرید گەڕانەوەی کوبۆ بە کاری لە پێشینەی نابینێت، بەتایبەتی کە تیپەکە ئامانجی دیکەی هەیە بۆ بەهێزکردنی تیپەکە، بەڵام دەشکرێت دۆخەکە وایلێبکات بیگەڕێنێتەوە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە دووپاتیکردەوە کە یەکێک لە هۆکارەکان دۆخی سروشتی کوبۆیە لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ئەمە جگە لە درەوشانەوەی برایم دیاز کە دوای پێکانەکەی ڤینیسیۆس ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات.
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، دووپات لەوە دەکەنەوە کە یانەی شاهانە بیر لە بژاردەی گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە ژاپۆنییە ناکاتەوە بۆ ئەوەی بە نرخێکی گرانتر بیفرۆشێت، بەتایبەتی کە یانەی شاهانە هەرگیز یاریزانانی تۆپی پێ بەبازاڕ ناکات و دەڵێن "ریال مەدرید ئەگەر پارەی دیاریکراو بداتە ریال سۆسیداد ئەوە بۆ ئەوە دەبێت کە کوبۆ بتوانێت ببێتە بەشێک لە تیپەکە نەک بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ