ریال مەدرید دەیەوێ یاریزانێکی پێشووی بکڕێتەوە

18-10-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کوبۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید، بەمەبەستی بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکەی، دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ یاریزانی ژاپۆنی، کوبۆ بکات، کە یاری بۆ یانەی ریال سۆسیداد دەکات.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، یانەی شاهانە دەتوانێت تەنیا بە 30 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، واتە نیوەی باڕی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دووپاتیکردووەتەوە، ئەو یاریزانە هێشتا یەکلایی نەکردووەتەوە کە داهاتووی چی بەسەردێت، بەتایبەتی کە لەم ماوەیەی دواییدا دەستەوارەیەکی لە یانەی ناپۆلی ئیتاڵییەوە بۆ هاتووە و رەتیکردووەتەوە، جگە لە دەستەوارەی چەند یانەیەکی خولی سعودی.
 
کوبۆ دەیەوێت چاوەڕێ بکات و بزانێت ئەم وەرزە چۆن بەسەردەچێت، کە دووەم وەرزییەتی لە ریال سۆسیداد. هەروەها بۆ ئەوەی بزانێت چ دەستەوارەیەکی بۆ دێت  و کێ ئەو راهێنەرە دەبێت کە پۆستی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەگرێتە ئەستۆ بۆ شوێنگرتنەوەی کارلۆ ئەنچیلۆتی.
 
ئەو یاریزانە نایەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی ریال مەدرید و بەشداریکردنی لە یارییەکاندا کەم بێت، هەر بۆیە حەزدەکات بەشداریکردنی لە یارییەکاندا بە بەردەوامی مسۆگەر بکات، وەک ئەوەی ئێستا لەگەڵ ریال سۆسیداد روودەدات.
 
بەگوێرەی میدیاکان، چەند یانەیەکی ئینگلیزیش هیواخوازن لە ماوەی داهاتوودا تواناکانی یاریزانەکە بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ریزەکانیان بەهێزتر بکەن.
 
کوبۆ پێشتر یاریزانی ریال مەدرید بوو، بەڵام یانەی شاهانە چەندجارێک بە خواستنی دایە یانەکانی دیکە و دواتر لە لایەن ریال سۆسیدادەوە گواسترایەوە ریزەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە