رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا کە بەشێوەی راستەوخۆ گەیشتووەتە قۆناخی 32ـی جامی شای ئیسپانیا، ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان یارییەکەی ئەو گەڕەی جامی شا ئەنجام دەدات، کاتێک دەبێتە میوانی یانەی بارباسترا، کە یانەی شارۆچکەیەکی بچووکی ئیسپانیایە و ژمارەی دانیشتووانی لە 20 هەزار کەس تێناپەڕێت.
چاڤی هێرناندێز نایەوێت یاریزانەکانی کەمتەرخەمی بکەن لەم یارییەدا و یەکەم داواکاری ئەو لە یاریزانەکانی ئەوە بوو کە رێز لە بەرامبەرەکەیان بگرن، نەوەک تووشی سوپرایزێک ببن، ئەگەرچی راهێنەری کەتەلۆنی ناچارە لەم یارییەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات، بەهۆی زۆری پێکانەکانی وەک تێر شتیگن، پێدری، گاڤی، مارکۆس ئەلۆنسۆ و کانسێلۆ.
پێدەچێت چاڤی هەندێک گۆڕانکاری لەو پێکهاتەیەیدا بکات کە لە دوایارییاندا بەرامبەر لاس پاڵماس پشتی پێبەستبوو.
ئیناکی پێنا دەتوانێت لە گۆڵدا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا لە هێڵی بەرگریدا هیکتۆر فۆرتی گەنج دەخاتە نێو پێکاهەتەکی چاڤی، هەروەها دەرفەتێک هەیە بۆ پاو کۆبارسی کە بەشداری بەشێکی یارییەکە بکات.
پێشبینی دەکرێت چاڤی گۆڕانکاری لە هێڵی ناوەڕاست و هێرشبەریدا بکات، بە هێنانی ئۆریۆل رۆمیۆ، جواو فیلیکس و ڤیتۆر رۆکی تازەهاتوو.
بارسا لەم یارییەدا لە تواناکانی لامین یامال بێبەش دەبێت، بەهۆی دەرکردنی لەگەڵ تیپی لاوان لە جامدا لە وەرزی رابردوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ