یۆکێرێش دەیەوێت یانەی پێشووی لە چامپیۆنزلیگ بکاتە دەرەوە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤیکتۆر یۆکێرێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای لەدەستدانی نازناوی کاراباو کەپ و کرانە دەرەوەی لە جامی ئێف ئەی کەپ، یانەی ئارسیناڵ دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و لە قۆناخی هەشتدا بەرامبەر سپۆرتینگ لیسبۆنە یاریی دەکات.
 
لە یاریی چوونی قۆناخەکەدا، ئەمشەو کاژێر 22:00 یانەی ئارسیناڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە و هەردوو تیپ دەیانەوێت رکابەری لەسەر یەکەم هەنگاویان بەرەو قۆناخی پێشکۆتایی بکەن.
 
ئارسیناڵ لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە یانەی ساوسامپتۆن دۆڕا و لە قۆناخی هەشتی ئێف ئەی کەپ کرایە دەرەوە، بەر لەوەش نازناوی کاراباو کەپی لەدەستدا و لە یاریی کۆتاییدا بە مانچێستەر سیتی دۆڕا.
 
یانە ئینگلیزییەکە لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا سەرجەم یارییەکانی بردەوە و بە پلەی یەکەم گەیشتە قۆناخی شازدە، لە قۆناخی رابردوودا یانەی بایرلیڤەرکوزنی لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە و بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە.
 
سپۆرتینگ لیسبۆنە، لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا ریمۆنتادایەکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و سەرەڕای ئەوەی لە یاریی چووندا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی بۆدۆ گلیمت دۆڕا، یاریی گەڕانەوەی بە 5-0 بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشت.
 
ئەو یارییە ورەیەکی بەرزتری دایە تیپەکە و دوای ئەوەش دوو یاریی لەسەریەکی لە خولی ناوخۆدا بردەوە، ئێستا تیپەکە بۆ رکابەریکردنی گانەرز ئامادەیە.
 
ئارسیناڵ وەرزی رابردوو لە قۆناخی یەکەمدا بەرامبەر سپۆرتینگ یارییکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لەو یانەیەی بردەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەردوو تیپ 7 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ئارسیناڵ سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە یارییەکدا دۆڕاوە و سێ یاریی نێوانیان بە یەکسانبوون تەواو بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە