رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرەی سوێدی و یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە بڕیاریداوە نەگەڕێتەوە یانەکەی و چاوەڕێی رێککەوتنی یانەکەی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ دەکات.
پێنج رۆژ لەمەوبەر یۆکێرێش ئەمەی بە سەرۆکی یانەی سپۆرتینگ راگەیاندووە، کە ئەو ناگەڕێتەوە بۆ نێو مەشقەکانی یانەکە و نایەوێت جارێکی دیکە بە درێسی یانەکەوە یاری بکاتەوە.
ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانی سپۆرتینگ بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکەن، یۆکێرێش چاوی لە پەیوەندیکردنە بە یانەی ئارسیناڵ، سپۆرتینگ بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە داوای 70 ملیۆن یۆرۆ و پاداشتی دیکە دەکات.
ماوەیەکی زۆرە ناوی یاریزانەکە بە یانەی ئارسیناڵەوە بەستراوەتەوە، بەڵام هەردوو یانە ئینگلیزی و پۆرتوگالییەکە تاوەکو ئێستا لەسەر مەرجەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆیە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانە لەندەنییەکە زۆر دواکەوتووە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت بۆ پێنج ساڵ گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە واژۆبکات و لە وەرزی نوێدا بە پێکهاتەیەکی بەهێزەوە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکەن.
پێشتر ڤیکتۆر یۆکێرێش، لەبارەی یانەی ئارسیناڵەوە گوتبووی "چەند یاریزانێک هەن لە چامپیۆنزلیگدا سەرسامیان کردم، کاتێک رووبەڕووی ئارسیناڵ بووینەوە، دەتوانێت سەرنجی ئەو کوالێتییە ناوازەیە بدەیت کە خاوەنیەتی، ئارسیناڵ ساکای هەیە، جگە لەو دوو بەرگریکارەی کە رووبەڕووی بوومەوە، گابریێل و سالیبا، کە بەرگریکاری نایابن، یاریکردن بەرامبەریان زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە."
ڤیکتۆر یۆکێرێش تەمەنی 27 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە لە هاوینی ساڵی 2028 کۆتاییدێت و نرخەکەی ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ