رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە یانەی مانچێستەر یونایتدی رەتکردەوە و نزیکەکانی ئەو یاریزانەش ئەوەیان بە یانە ئینگلیزییەکە راگەیاندووە.
ڤیکتۆر بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەکەی پێشکێشکرد و رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی نازناوی خول و جامی پۆرتوگال، بووە ئامانجی زۆر یانەی گەورەی ئەورووپا و یەکێک لەو یانانەش یانەی مانچێستەر یونایتد بوو.
بەهۆی ئەوەی رۆبن ئامۆریم، راهێنەرایەتی یانە ئینگلیزییەکە دەکات، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان گواستنەوەی ئەو یاریزانەیان بە ئاسان ناودەبرد، بەڵام رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی دەڵێت "یۆکێرێش یانەی مانچێستەر یونایتدی رەتکردەوە و نزیکەکانی یاریزانەکەش بە یانەکەیان راگەیاندووە، مانچێستەر یونایتد بژاردەیەک نییە بۆ یۆکێرێش و یاریزانەکە نایەوێت بچێتە ئەو یانەیە."
بە رەتکردنەوەی یانەی مانچێستەر یونایتد، جارێکی دیکە یانەی ئارسیناڵ دەبێتە نزیکترین یانە لە بەدەستهێنانی تواناکانی هێرشبەرە سوێدییەکە، لەکاتێکدا پێشتر دەستەوارەیەکی بە 47 ملیۆن پاوەند و 8 ملیۆن پاوەند گۆڕانکاری بۆ یاریزانەکە ئامادەکردبوو.
هێرشبەرە 26 ساڵەکە، لە وەرزی 2024-2025 بەشێوەیەکی گشتی 52 یاریی بەدرێسی یانەکەیەوە ئەنجامدا و 54 گۆڵی تۆمارکرد، لە 33 یاریی خولی پۆرتوگالدا 39 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری خولەکە.
یۆکێرێش لە دوایین یاریی وەرزەکەدا ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی سپۆرتینگ کرد، کاتێک لەبارەی داهاتووە پرسیاریان لێیکرد، گوتی "نازانم چی روودەدات."
یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، ئێستا لە گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ