رووداو دیجیتاڵ
لەبەر یاسای دارایی خاوێن، گواستنەوەی فرانکۆ ماستانتونۆ لە ریڤەرپلەیتەوە بۆ ریال مەدرید، کێشەی تێکەوت.
یانەی ریال مەدرید چەند هەفتەیەکە گرنگی بە ئەستێرەی بەهرەداری ریڤەرپلەیت، فرانکۆ ماستانتونۆ دەدات، ئەو یاریزانە لاوەی کە تەمەنی 17 ساڵەو سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، بووەتە جێی باسی میدیاکانی جیهان، چەندین یانەی زەبەلاحی ئەورووپا خەون بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەبینن.
یانەکانی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان لە هەوڵدابوون بۆ گواستنەوەی ماستانتونۆ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون چونکە ئەو یاریزانە ریال مەدریدی هەڵبژاردبوو و بڕیاریدابوو روو لەو یانەیە بکات.
هەفتەی رابردوو، چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید، پەیوەندی بە یاریزانەکە کرد و پڕۆژەی وەرزی داهاتووی ریال مەدریدی بۆ خستەڕوو، بەپێی سەرچاوەیەکی ئیسپانی، یاریزانەکە زۆر دڵخۆشبووە بەوەی کە چابی ئەلۆنسۆ خۆی پەیوەندی پێوە کردووە و گرنگی پێداوە.
بەڵام گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید کێشەی تێکەوتووە، چونکە یانەی ریال مەدرید نایەوێت لەبەر گواستنەوەی ماستانتونۆ، تووشی کێشەی یاسایی بێت و لە یاسای دارایی خاوێن دەربچێت.
مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی فرانکۆ ماستانتونۆ 45 ملیۆن یۆرۆیە، ریال مەدرید نایەوێت بە یەکجار ئەو پارەیە بداتە یانەی ریڤەرپلەیت، ئەو یانەیە دەیەوێت لەگەڵ یانە ئەرجەنتینییەکە رێکبکەوێت لەسەر ئەوەی بە هەمان نرخ یاریزانەکە بکڕێت، بەڵام پرۆسەی پارەدانەکە بۆ چەند وەرزێک بێت و لەسەر شێوازی قیست بێت، بۆ ئەوەی کێشەی یاسایی بۆ ریال مەدرید دروستنەکات.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەرجەنتینی، یانەی ریڤەرپلەیت بەوە رازی نییە و دەیانەوێت راستەوخۆ 45 ملیۆن یۆرۆ لەسەر گواستنەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە وەربگرن.
فرانکۆ ماستانتونۆ لە ساڵی 2025 لەگەڵ یانەی ریڤەرپلەیت، لە کۆی 19 یاریدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 4 ئەسیستی کردووە و یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ