رووداو دیجیتاڵ
دوور لە جەنگ، تیپی سومۆی ئۆکراینا دەیەوێت لەپێناو شکۆمەندی وڵاتەکەیان بچنە ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی جیهانیی سومۆ.
تیپێک لە زۆرانبازانی سومۆی ئۆکراینی، کە مەشقەکانیان بەهۆی لەشکرکێشی رووسیاوە ماوەیەک پچڕا، دەیانەوێت بەردەوامی بە یارییەکەیان بدەن و لەسەر ئاستی جیهاندا بیسەلمێنن کە تۆپ و مووشەکەکانی رووسیا ناتوانن ببنە بەربەست لەبەردەمیاندا بۆ ئەوەی بەدوای سەرکەوتن و شکۆمەندی لەسەر ئاستی جیهاندا نەگەڕێن.
تیپی سومۆی ئۆکراینی کە شەش کەسن، ماوەی مانگێک لە ژاپۆن، کە ئەو وڵاتە ماڵی دێرینی ئەو وەرزشەیە، مەشقی کردووە. گەشتی ویلایەتی ئەلابامای ئەمریکایان کردووە، بۆ بەشداریکردن لە یارییە جیهانییەکاندا، کە خولێکی یارییە وەرزشییەکانی هاوشێوەی ئۆڵیمپیادە و تێیدا ئەو وەرزشانە ئەنجام دەدرێن کە لە یارییەکانی هاوینەدا بەشدارییان پێناکرێت.
تیپەکەی سومۆی ئۆکراینا تازە مەشق و راهێنانێکیان لە بارەگەکەیان لە شاری خارکێڤ تەواوکردبوو، کاتێک لە کۆتایی مانگی شوباتدا رووسیا هێرشی کردە سەر شارەکە و کەوتە ژێر بۆردوومانەوە.
ئیڤانا بێرێزۆڤسکا، یەکێکە لە دوو ژنی ناو تیپەکە، خاوەنی میدالیای زیوە لە بەشی کێشی کراوە لە یارییەکانی جیهانی 2017، ئەو پێیوایە کە خۆی و هاوڕێکانی لە رێگەی بەشداریکردن لەم پێشبڕکێیەدا دەتوانن دڵی خۆیان و هاونیشتیمانییەکانیان خۆش بکەن.
ئیڤانا بێرێزۆڤسکا، دەڵێت "مووشەک لە هەموو ئۆکرانیادا دەکەونە خوارەوە و لە هەموو شوێنێک شتەکان لەناودەچن، بۆیە دەمەوێت بەشداری لە یارییە جیهانییەکاندا بکەم، سەرەتا دەمەوێت شتێک بە خۆم بدەم کە دڵخۆش بم و دواتر دەمەوێت شتێک بدەم بە خەڵکی وڵاتەکەم بۆ ئەوەی دڵخۆش بن".
سومۆی پیشەیی تەنیا لە ژاپۆن دەکرێت، بەڵام وەرزشە کۆنەکە لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
لە ئۆکراینا نزیکەی 3 هەزار کەس بەشداری لە یارییەکانی سومۆدا دەکەن، ئەو وڵاتە یەکێک بووە لە سەرکەوتووترین وڵاتەکان لەو وەرزشەدا، لەوەتەی لە ساڵی 2005ـەوە بۆ یەکەمجار بەفەرمی لە یارییەکانی جیهانیدا دەرکەوت.
بەقسەی لیۆبۆڤ کۆرۆبکۆی راهێنەری تیپی سومۆی ئۆکراینا، تیپەکەیان بەباشی خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەو بۆنە جیهانییە، کە بێگومان بردنەوەی مەدالیاکان لەلایەن وەرزشوانە ئۆکرینییەکان تام و و نرخی زیاتریان دەبێت، بەهۆی ئەو دۆخە ناخوازراوەی وڵاتەکەیان تێیکەوتووە.
لیۆبۆڤ کۆرۆبکۆ، دەڵێت "ئێمە زۆرانبازی زۆری سومۆمان هەیە کە توانای کێبڕکێیان هەیە، پێموایە دەتوانین بەشدارییەکی باش بکەین و یارمەتیدەر بین لە بەرزکردنەوەی ناو و وێنەی وڵاتەکەمان، پێموایە گەورەترین دەستکەوتە کاتێک وەرزشوانێکی ئۆکراینی دەتوانێت مەداڵیایەک بباتەوە".
یارییە جیهانییەکان لە ساڵی 1981ـەوە دەستیانپێکردووە و هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوەدەچن، کە کۆمەڵێک وەرزشیی نائۆڵیمپی لە سومۆوە تا بیلیارد ئەنجام دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ