رووداو دیجیتاڵ
پێنچ ئەستێرەی گەورەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا لەلایەن چابی ئەلۆنسۆوە مەترسی سڕکردنی تەواوەتییان لەسەرە!
سەرەڕای ئەو سەقامگیرییەی لەنێو یانەی ریال مەدریددا بەدی دەکرێت، چەند ئاماژەیەکی ناوخۆیی سەبارەت بە داهاتووی ژمارەیەک یاریزان دەستیان بە دەرکەوتن کردووە، ئەمەش بەهۆی سیاسەتێکی هونەری نوێوە کە پشتی بە توانای جەستەیی و رێکوپێکی تاکتیکی بەستووە، کە لەلایەن چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکەوە سەپێنراوە لەو کاتەوەی پۆستی راهێنەری مێرینگێی وەرگرتووە.
تاوەکو ئێستا راهێنەر بەفەرمی دوورخستنەوەی هیچ یاریزانێکی لە پلانەکانی رانەگەیاندووە، بەڵام ئاماژەکانی ناو یانەکە ئەوە دەردەخەن کە هەندێک یاریزان لەوانەیە بەهۆی کەمبوونەوەی رۆڵی هونەری یان باشتربوونی رکابەرەکانیان لە هەمان پێگەدا، وردە وردە خۆیان لە دەرەوەی پلانەکانی ببیننەوە.
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە سەرەتای وەرزەوە بڕیاری داوە ئاستی رکابەری لەنێو هەموو پێگەیەکدا بەرزبکاتەوە و سیاسەتی گۆڕانکاریی تووندی پەیڕەو کردووە، تەنانەت لە یەکەم یارییەکانی لالیگادا، بەئامانجی دڵنیابوون لە ئامادەیی هەموو یاریزانەکان لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی وەرزدا. ئێستا روون بووەتەوە کە بەشداریکردن بۆ هیچ یاریزانێک گەرەنتی نییە، بەبێ گوێدانە مێژوو یان بەهای بازاڕی.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی نزیکن لە ژووری جلگۆڕینی یانەی شاهانە، لیستی ناوی ئەو یاریزانانە خەریکە دەردەکەوێت کە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی راستەقینە بوونەتەوە بۆ مانەوە لە پلانەکانی ئەلۆنسۆدا، وەک:-
* راول ئاسێنسیۆ، کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە راهێنەر و ئەندامە تەکنیکییەکان بەتواناکانی وەک یاریزانێکی سەرەکی قاییل بکەن.
* فێرلان مێندی، کە هێشتا بەهۆی پێکانێکی درێژخایەنەوە لە یارییەکان دوورە و بژاردەی بەرگریکارە گەنجەکان جێگەیان گرتووەتەوە.
* دانی سێبایۆس، یاریزانی ناوەڕاستکار، خاوەنی کوالێتییەکی بەرزە، بەڵام لە سیستمی چابی ئەلۆنسۆدا شوێنێکی بۆ خۆی نەدۆزیوەتەوە، ئەمەش رێگە بۆ ئەگەری رۆیشتنی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکاتەوە.
* داڤید ئالابا، کە بووەتە پێنجەمین یاریزان لەنێو بەرگریکاراندا، لەگەڵ دابەزینی ئاستیدا، لەکاتێکدا هەوڵی پێشووتری یانەکە هەبووە بۆ دەستبەرداربوون لێی.
* ئاندرێ لونین، گۆڵپارێزی یەدەگ، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گۆڵپارێزی سەرەکییەوە، دەرفەتی بەشداریکردنی لەدەستداوە.
لەگەڵ گەشەسەندنی شێوازی جەستەیی و تاکتیکی تیپەکەدا، تووندیی رکابەری لەنێو مەشقەکاندا زیادی کردووە، کە ئێستا لەڕووی باری جەستەیی و هونەرییەوە تووندتر بوونەتەوە. خودی یاریزانەکان دووپاتیدەکەنەوە کە ئاستی جددییەت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.
وەک نموونەیەکی روون بۆ گۆڕانکارییە بوێرانەکان، ئەلۆنسۆ دوودڵ نەبوو لە دوورخستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر لە یەکێک لە یارییەکاندا، لە بەرژەوەندی رۆدریگۆ گۆس، ئەمەش رەنگدانەوەی نیازی راهێنەرە بۆ سەپاندنی دادپەروەرییەکی تەواو کە ناوەکان ناناسێتەوە، بەڵکو تەنیا ئاست و تێکۆشان لای ئەو پێوەرە.
نیشانەکانی ململانێیەکی نوێ دەستیان بە دەرکەوتن کردووە، بەتایبەت لە پێگەی باڵی چەپدا، کە رۆدریگۆ هەوڵدەدات بچێتە ناو پێکهاتەکە، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت ڤینیسیۆس بژاردەی یەکەمە لەوێ. لەگەڵ خواستی هەریەکەیان بۆ سەپاندنی خۆیان، چاوەڕوان دەکرێت رکابەرییەکی ناوخۆیی گەرم ببینین کە لەوانەیە نەخشەی هێرشی ریال مەدرید بەتەواوی لە گەڕەکانی داهاتوودا بگۆڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ