دیکۆ: پێویستمان بەهێنانی هێرشبەرێکی سەرەڕم نییە!

08-10-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن دیکۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، رایگەیاندووە تیپەکەی پێویستی بەهێنانی هێرشبەرێکی دیکەی سەرەڕم نییە، تیپەکە دەتوانێت بەبێ هێنانی یاریزانێکی لەو شێوەیە، یاریی بکات.
 
لە دوای هەواڵی زۆری میدیاکانی ئیسپانیا، لەبارەی ویستی هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێی سەرەڕم، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، فیران تۆرێس دەتوانێت وەک هێرشبەری ژمارە 9 یاریی بکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لەماوەی رابردوودا، باسیان لەوە کردبوو، بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەدا بەدوای هێرشبەرێکی نوێدا دەگەڕێت و ئامانجی سەرەکیشی ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچێستەر سیتییە. بەڵام دیکۆ، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رادیۆی کەتەلۆنیا، ئومێدەکانی کەمکردەوە هاندەرانی بارسای بێهیواکرد لە هێنانی یاریزانێکی نوێی سەرەڕم.
 
بارسێلۆنا لە هەندێک لە یارییەکانی وەرزی ئەمساڵدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی هێرشبەری سەرەڕم دەبێتەوە، بەتایبەت کاتێک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی 37 ساڵان دووچاری پێکان دەبێت. ئەگەرچی هانزی فلیک لە بەشێک لە یارییەکانی تیپەکەیدا پەنا دەباتە بەر فیران تۆرێس و وەک هێرشبەری سەرەڕم بەشداریی پێدەکات، بەڵام تیپەکە بەنەبوونی هێرشبەرێکی کارامەی نێو سندووق، رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.
 
دێکۆ دەڵێ "لە مانگی 10ـدا باسی درێژکردنەوەی گرێبەستەکان ناکەین. هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین، ئێستا، تیشک دەخەینە سەر چاکبوونەوەی یاریزانە پێکراوەکانمان".
 
بەڕێوەبەرەکەی بارسێلۆنا جەخت لەوە دەکاتەوە، نوێکردنەوەی گرێبەستەکان بە ئەندازەی هێنانی یاریزانی نوێ گرنگن، پێویستمان بە واژۆکردن لەگەڵ یاریزانی ژمارە 9 نییە، بەمشێوەیە دەکرێت هەڵە بکەیت، رەنگە بتوانین بەبێ هێرشبەرێکی کلاسیکی یاریی بکەین. ئێستا کاتی ئەوە نییە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێ بکەین، فێران دەتوانێ وەک یاریزانی ژمارە 9 یاریی بکات.
 
دیکۆ هەروەها ئاماژەی بەوەداوە پاریس سانجێرمان، پاڵەوانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، خولەکەی بەبێ هێرشبەرێکی سەرەڕم بردەوە، ئەو دەڵێ: تیپێکمان دەوێت، پێویستی بەردەوامی بە کڕینی یاریزانی نوێ نەبێت، ئێمە تیپێکمان هەیە لەوپەڕی ئاستی خۆیدایە و تەنیا پێویستە کار لەسەر یاریزانە پێکراوەکان بکەین بۆ ئەوەی زوو بگەڕێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە