عەدنان درجال هۆشداریی دەداتە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق

13-08-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن عەدنان درجال
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق رێنوێنی تووندیان پێگەیشتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی رەفتارەکانیان، وەک ئامادەکارییەک بۆ یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک.
 
عێراق لە کۆمەڵەی دووەمی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال رکابەری دەکات، شانبەشانی هەڵبژاردەکانی سعودیە و ئیندۆنیزیا، یارییەکانی لە رۆژانی 8 تاوەکو 14ـی مانگی 10ـی داهاتوو بەڕێوەدەچن.
 
بەپێی راپۆرتی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، رێنمایی داوە بە دانانی سیاسەتێکی راگەیاندن و کارگێڕی لەنێو هەڵبژاردەی عێراقدا پێش دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی شێرەکانی رافیدەین بۆ دوو یارییەکەی پاشکۆی پاڵاوتنەکان، بەتایبەتی کە درجال خۆی سەرپەرشتیاری گشتیی تیپەکەیە و دەیەوێت یاریزانان بەتەواوی پابەندبن، بۆ دوورکەوتنەوە لە گوشاری جەماوەری و راگەیاندنەکان پێش یارییە چارەنووسسازەکان.
 
دۆخی ئامادەباشی لەنێو هەڵبژاردەی عێراقدا لە ئاستێکی بێپێشینەدایە، هەموو لایەک لە شوێنی خۆیەوە کاردەکات بۆ سەرخستنی ئەرکی پاشکۆی پاڵاوتنەکان، چونکە ئەگەر عێراق بتوانێت دوو یاریی داهاتوو بەباشی بەڕێوەببات، لەوانەیە خۆی لە مۆندیالدا ببینێتەوە. 
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە یاریزانانی راگەیاندووە، گرنگە ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست نەدەن بۆ دڵخۆشکردنی هاندەران دوای شکست لە پاڵاوتنە سەرەکییەکاندا، هیچ قەرەبوویەکیش باشتر نییە لە بردنەوەی یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکان.
 
درجال دەیەوێت لە ماوەی داهاتوودا سەردانی ئەو یاریزانانە بکات لە ئەورووپا یاری دەکەن، بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی دەروونییان و بزانێت تا چەند ئامادەن، چونکە لایەنی هونەری تەنیا لەئەستۆی راهێنەر گراهام ئارنۆڵد و ستافە یاریدەدەرەکەیەتی. 
 
درجال بەنیازە چالاکانە بجوڵێت بۆ سەرپەرشتیکردنی ئامادەکردنی یاریزانان بۆ دوو یاریی داهاتوو، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیان لەسەر بارودۆخی خێزانی و دەروونییان و چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیندۆنیزیا و سعودیە.
 
ئارنۆڵد چاوی لەوەیە نزیکەی 30 یاریزان بۆ لیستی سەرەتایی بانگهێشت بکات بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی جامی شای تایلەندی دۆستانە، پاڵەوانێتییەکە لە 1 تاوەکو 9ـی مانگی 9ـی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و دوو یاریی تاقیکردنەوە لەخۆدەگرێت، هێشتا رکابەرەکان دیارینەکراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە