رووداو دیجیتاڵ
چابی ئەلۆنسۆ بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو دەدات پێش رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە نیوەی کۆتایی جامی جیهانیی یانەکان.
ئەمشەو چاوی هاندەرانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهاندا لەسەر یاریی نیوەی کۆتایی جامی جیهانیی یانەکانە، کە لە نێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرماندا بەڕێوەدەچێت، لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا کە دووان لە دیارترین زەبەلاحەکانی کیشوەری ئەورووپا کۆدەکاتەوە.
یارییەکە یەکلاکەرەوەیە و هیچ ئەگەرێکی دیکە هەڵناگرێت، چونکە هەردوو یانە هەوڵی بەدەستهێنانی بلیتی سەرکەوتن بۆ یاریی کۆتایی و بردنەوەی نازناوە جیهانییە گرانبەهاکە دەدەن.
لەنێو ئەم کەشە پڕ لە گرژییەدا، وادیارە چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید، خەریکە بڕیارێکی تاکتیکیی چاوەڕواننەکراو بدات کە رەنگە مشتومڕ لەنێو یانەی شاهانەدا دروست بکات، کە بەگوێرەی هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، ئەلۆنسۆ بڕیاری داوە گۆنزالۆ گارسیا، گۆڵکاری یانەکە کە لە جامی جیهانیی یانەکاندا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە، لە پێکهاتەی سەرەکیی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە گرنگەدا دووربخاتەوە.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە ئەلۆنسۆ دەیەوێت گۆڕانکاری لە شێوازی یاریکردنی تیپەکەیدا بکات و پشت بە تواناکانی کیلیان ئێمباپێ ببەستێت، بەتایبەت دوای ئەوەی یاریزانەکە ئامادەیی تەواوی جەستەیی بەدەستهێناوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەلۆنسۆ ناچارە گارسیا دووربخاتەوە، چونکە نایەوێت ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەسەر کورسی یەدەگ بهیڵێتەوە، چونکە رۆڵێکی بەرچاوی لە سەقامگیریی ژووری جلگۆڕیندا هەیە و ئەگەر یاری پێنەکات بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێو تیپەکەدا و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی گشتیی یانەکە دەبێت.
پێدەچێت ئەلۆنسۆ لەڕێگەی ئەم هاوسەنگییە وردەوە هەوڵ بدات لەلایەکەوە یەکڕیزیی تیپەکەی بپارێزێت و لە لایەکی دیکەشەوە توانای پێشکێشکردنی ئاستێکی تاکتیکیی پتەوی هەبێت، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرماندا کە خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزە و هیچی لە هێڵی هێرشبردنی ریال مەدرید کەمتر نییە.
یارییە چاوەڕوانکراوەکە ئەوە دەردەخات کە ئایا بڕیارە تاکتیکییەکانی چابی ئەلۆنسۆ تاوەکو چەند سەرکەوتوو دەبن و ریال مەدرید تاوەکو چەند توانای تێپەڕاندنی رکابەرێکی سەرسەختی دەبێت کە بە یەکێک لە دیارترین بەربژێرانی نازناوەکەی ئەم وەرزە دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ