پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان.. فیفا لەبەردەم کارەساتێکی گەورەدایە

10-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) لەبەردەم ئاڵنگارییەکی ئاڵۆزدایە و نیگەرانییەکانیش لە ئاستێکی بەرزدان، بەهۆی ئەوەی داواکاری لەسەر کڕینی بلیتی یارییەکانی جامی جیهانی یانەکان زۆر کەمە.
 
لەکاتێکدا تەنیا پێنج رۆژ ماوە یارییەکانی مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا دەستپێبکەن، فیفا لە قەیرانێکی گەورەی فرۆشتنی بلیتی یارییەکاندایە و هاندەران گرنگی زۆر بە کڕینی بلیتەکان نادەن، ئەمەش فیفای بەتەواوی نیگەران کردووە، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرا بەهۆی زۆری ژمارەی یانەکان و بەڕێوەچوونی مۆندیال بەم شێوازە تازەیە پێشوازییەکی گەورەتری لێبکرێت.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، فیفا هەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەکات سەبارەت بە کەمی خواست لەسەر بلیتی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی گشتی و یاریی کردنەوەی بەشێوەیەک تایبەت، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی فیفا ناچار بێت نرخی بلیتەکانی یاریی کردنەوە بە رێژەی 84٪ دابەزێنێت، لەکاتێکدا یەکەم یاری، یاریی تیپەکەی لیۆنێل مێسییە و ئینتەرمەیامی بەرامبەر ئەهلی میسری یاری دەکات، ئەم هەنگاوەش لەپێناو ئەوەیە کە لە یەکەم یارییدا پەیژەکانی یاریگە بەتاڵی نەمێننەوە، لەکاتێکدا یاریگەکە 64،767 هاندەر دەگرێت، بەڵام کەمتر لە 25 هەزار بلیت بۆ یارییەکە فرۆشراون.
 
لەو کاتەوەی لە 19-12-2024ـەوە بلیتەکانی مۆندیال خراونەتە نێو بازاڕەوە، چەندینجار داشکاندن لە نرخەکانیاندا کراوە، ئەمەش بەهۆی کەمی خواست بۆ کڕینیان.
 
نرخی بلیتی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییە سەرەتا 306 یۆرۆ بوو، بەڵام بۆ 50 یۆرۆ کەمکراوەتەوە کە ئەمەش نرخێکی زۆر ئاساییە.
 
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا تەنیا لە ئەرجەنتین، بەرازیل، مەکسیک، ئەڵمانیا و ژاپۆن گرنگی بە کڕینی بلیتی یارییەکانی مۆندیال دەراووە، هەردوو یانەی ریال مەدرید و بۆکا جونیۆرزیش زۆرترین گرنگیان لەسەر ئاستی هاندەران پێدەدرێت.
 
ئەو پێنج یارییەی تاوەکو پێنج رۆژ بەر لە یارییەکە خواست لەسەر کڕینی بلیتەکانیانە ئەمانەن، بۆکا جونیۆرز بەرامبەر بێنفیکا، بۆکا جونیۆرز بەرامبەر بایرن میونشن، ریال مەدرید و هیلال، ریال مەدرید و سالزبۆرگ و فلامینگۆ و چێڵسی.
 
لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتە توندەکانی کۆچ کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پەیڕەوی دەکات، بووەتە هۆی لاوازیی فرۆشی بلیتەکان. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دوودڵی لای ئەو هاندەرانەی کە نیازی گەشتکردنیان هەیە، لە ترسی ئەوەی کە نەتوانن ڤیزەی چوونەژوورەوە بەدەستبێنن بۆ یەکێک لەو یازدە شارەی کە میوانداریی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
یارییەکانی مۆندیالی یانەکان یەکەمجارە 32 یانە تێیدا بەشدار دەبن و بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 15-6-2025 بە یاریی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی و ئەهلی میسری دەستپێدەکات و تاوەکو 13-7-2025 بەردەوامدەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە