هاوژینە موسڵمانەکەی دێمبێلێ کێیە و چ کارەیە؟

10-07-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریما ئیدیۆش عوسمان دێمبێلێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ریما ئیدیۆش، هاوژینی عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدریدی ئیسپانیدا دەرکەوت، کە بەدەگمەن دەردەکەوێت، ئەگەرچی ئێستا نێوبانگێکی زۆری دەرکردووە.
 
یانەی پاریس سانجێرمان بەئەنجامی 4-0 لە ریال مەدریدی بردەوە، لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی جیهانیی یانەکان کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. پاریس سانجێرمان سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی جامی جیهانیی یانەکان و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو رووبەڕووی چێڵسی ئینگلیزی دەبێتەوە.
 
ریما ئیدیۆش زۆر پەرۆش بوو بۆ پشتگیریکردن و هاندانی دێمبێلێ لەسەر کورسییەکانی یاریگای مێتڵایف، ئەمەش سەرنجی میدیاکانی راکێشا و کاردانەوەی زۆری لەلایەن هاندەرانی پاریس سانجێرمانەوە بەدوای خۆیدا هێنا. هەروەها ریمای لەچک بەسەر وەک هەمیشە لە کاتی ئامادەبوونیدا لە یارییەکە رووخساری خۆی شاردبووەوە.
 
ریما لە چەندین بۆنەی جیاوازدا لەگەڵ هاوژینەکەیدا ئامادە بووە، دواترینیان ئاهەنگگێڕان بوو بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە مانگی پێنجی رابردوودا، دوای سەرکەوتنیان بەسەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵیدا بەئەنجامی 5-0.
 
ریما ئیدیۆش، کە تەمەنی 26 ساڵە، لە ئیتاڵیا گەورە بووە و بنەچەی دەگەڕێتەوە بۆ خێزانێکی مەغریبی، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام 158 هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە، هاوکات لە تیکتۆکیش 72 هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە.
 
دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دێمبێلێ خۆشییەکەی لەگەڵ کچەکەی و هاوژینەکەی، ریما ئیدیۆش هاوبەش کرد کە دەرکەوتنێکی گشتیی دەگمەن بوو بۆ کەسێک کە زۆربەی کات خۆی لە چاوی کامێراکان بەدوور دەگرێت.
 
ئەو هێندە ژیانی تایبەتی خۆی پاراستووە کە تەنانەت زانیارییە ورد و سەرەتاییەکانیش وەک شوێن و بەرواری لەدایکبوونی وەک نهێنییەک ماونەتەوە و تەنانەت تا پێی بکرێت رووخساری خۆی لە زوومی کامێراکان دەشارێتەوە.
 
هەندێک لە رۆژنامە و گۆڤارە ناودارەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی 1999 لە دایک و باوکێکی مەغریبی لە شاری کاستێلفرانكۆ ڤێنێتۆ لە ئیتاڵیا لەدایکبووە، لەکاتێکدا هەندێکی تر رەچەڵەکی دەگەڕێننەوە بۆ دوار ئەگبالۆ، کە گوندێکە لە باشووری رۆژئاوای مەغریب.
 
پێش ئەوەی خۆی لە چاوی میدیاکان دووربخاتەوە، ریما یەکێک بوو لە ناسراوترین ژنە موسڵمانەکانی سەر تیکتۆک، کە زیاتر لە 300 هەزار فۆڵۆوەرسی هەیە. هەموو ئەمانەش بەبێ ئەوەی هەرگیز رووخساری خۆی ئاشکرا بکات.
 
دواتر براندێکی تایبەت بەخۆی لە بواری فاشنی داپۆشراودا بە ناوی 'رازالای' دامەزراند، و ئێستا تەنیا ناوبەناو لە ئینستاگرام پۆست دەکات بۆ ریکلامکردن بۆی.
 
زیانی ئەم خانمە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ژیانی ئاسایی هاوژین و خۆشەویستەکانی یاریزانانی دیکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە