سەرۆکی یۆفا ناڕاستەوخۆ گومان لە باڵۆندۆرەکەی دێمبێلێ دەکات

11-10-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن باڵۆندۆر عوسمان دێمبێلێ ئەلیکساندەر چێفێرین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەلیکساندەر چێفێرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا) ناڕاستەوخۆ گومانی خۆی بەرامبەر شایستەیی عوسمان دێمبێلێ بەبەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ دەربڕی.
 
دێمبێلێ شەشەم فەرەنسییە خەڵاتی باڵۆندۆر بۆ باشترینی ساڵ بباتەوە، پاشئەوەی پێشەوایەتیی پاریس سانجێرمانی کرد بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی خۆی و سیانەی نێوخۆیی فەرەنسا، جام، سوپەر و خولی فەرەنسا.
 
چێفێرێن، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ، "نونۆ مێندێز یاریزانێکی ناوازەیە، دەکرێ بەباشترین یاریزانی ئێستای جیهان دادەنرێت، بەڵام شوێنی یارییکردنی بەپێی پێویست هەمان بایەخی هێرشبەرەکانی پێنادرێت".
 
سەرۆکی یۆفا پەسنی تواناکانی چەندین یاریزانی دیکەی داوە. ئەو دەڵێ، جواو نێڤێز و ڤیتینیا، هەروەها رۆبن دیازیش یەکێکە لەباشترین بەرگریکەرەکان و نامەوێت ناوی یاریزانی دیکە بڵێم، نەوەک هەندێک لەبیر بکەم، بەڵام ئەوەی تۆپی پێی پۆرتوگال لە ماوەی رابردوودا کردوویەتی، هەروەها بەرهەمهێنانی ئەو هەموو بەهرەمەندە، کارێکی سەرنجڕاکێشە.
 
مێندێز، لەساڵی رابردوودا سەرکەوتوو بوو لەوەی چەندین ئەستێرەی گەورەی یانە گەورەکان لە بەرامبەر تیپەکەیدا رابگرێت، لەنێویاندا محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی لیڤەرپوول، کە بەهۆیەوە ئەو یانەیە لەسەردەستی سانجێرمان ماڵئاوایی لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو کرد.
 
هەروەها سەرکەوتوو بوو لە راگرتنی مەترسییەکانی لامین یامالی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و بارسێلۆنا، لە دوو بۆنەدا کە رووبەڕووی یەکبوونەوە.
 
مێندێز یەکێک بوو لە بەربژێرەکانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر، بەڵام پلەی دەیەمی ریزبەندی باشترینی ساڵەکەی بەدەستهێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە