وەلی کەریم بۆ رووداو: ناگەڕێمەوە نەورۆز

10-07-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن وەلی کەریم یانەی نەورۆز
A+ A-
رووداو هەولێر 

وەلی کەریم، راهێنەری کورد لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو ئاشکرایکرد، ماڵئاوایی لە یانەی نەجەف کردووە و بەسەرۆکی یانەکەشی گوتووە داوای لێبوردن دەکەم و ناتوانم لەگەڵتان بەردەوام بم. هەروەها دووپاتیکردەوە کە ناگەڕێتەوە یانەی نەورۆز.
 
لە دەستپێکی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، وەلی کەریم راهێنەری یانەی کارەبا بوو، بەڵام دواتر لەگەڵ یانەکە بەردەوام نەبوو، هەنگاوێکی دیکەی ئەمساڵی راهێنەرە کوردەکە سەرکردایەتیکردنی یانەی نەجەف بوو، بەرپرسانی یانەکە و هاندەرانیان لەگەڵ مانەوەی ئەو راهێنەرە بوون، بەڵام دواجار وەلی کەریم ماڵئاواییکرد و نەیتوانی لەو یانەیە بەردەوام بێت. 
 
وەلی کەریم، لەبارەی وازهێنانی لە کارکردنی لەگەڵ یانەی نەجەف، بە رووداوی گوت "بەشێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردنم لە یانەی نەجەف کرد و پێمگوتن کە خۆم و ستافەکەم ناتوانین کارییان لەگەڵ بکەین"
 
وەلی کەریم لەبارەی هۆکاری بەردەوام نەبوونی لەگەڵ ئەو یانە عێراقییە، گوتی "من سێ داواکاریم پێشکێشکردن کە هێنانی یاریزانانی ناوخۆی و دەرەوە لەسەر خواست و داواکاری من بێت، یاریدەدەرکانم هەر لەسەر داوای من بن، داواشم کرد سێ ساڵی داهاتوو کارییان لەگەڵ بکەین، بەڵام ئەوان رازی نەبوون".
 
ئەو راهێنەرە کوردە، زیاتر گوتی "ئەو یانەیە شوێنێکە ناتوانین سەرکەوتوو بین و کێشەیان زۆرە، دوێنێ شەو سەرۆکی یانەکە خۆی تەلەفۆنی بۆ کردم، بەڵام من داوای لێبوردنم کرد و پێمگوت تەواو ناگەڕێمەوە". 
 
ئەو راهێنەرە توانی جێدەست و ئەزموونی گەورەی خۆی لەمێژووی یانەی نەورۆز دیاری بکات، یانەکەی بۆ ریزی خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرخست و لەماوەی کارکردنی تیپەکە هەموو کات ململانێیەکی بەهێزی لە خولەکەدا دەکرد. 
 
وەلی کەریم، هەموو ئەو دەنگۆیانەی باسی گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی یانەی نەورۆزی بەدرۆخستەوە و گوتی "ئەو هەواڵانەی باسی گەڕانەوەی من بۆ یانەی نەورۆز دەکەن راست نین، من جارێ پشوو دەدەم کەس پەیوەندی پێوە نەکردووم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە