هەموو چاوەکان لەسەر سلێمانی دەبن و نەورۆز و زاخۆ دێربییەکی کوردستانیانە دەکەن

22-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی نەورۆز یانەی نەورۆز یانەی زاخۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە دێربییەکی کوردستانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر راستکردنەوەی ئەنجامە خراپەکانیان دەکەن.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولەکەدا، یانەی نەورۆز لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر زاخۆ یاریی دەکات و دەیەوێت دوو یەکسانبوونی رابردووی قەرەبوو بکاتەوە و تیپەکەی بەبردنەوە شادبکاتەوە، بە تایبەت کە هاندەران لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە رازی نەبوون.
 
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی نەورۆز، راستگۆ فەریق بەهۆی پێکان، مەڕوان حوسێن بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانی، باکۆ عومەر بەهۆی پێکان و حوسێن عەباسی گۆڵپارێز بەهۆی پێکانەوە ئامادەنابن، بەڵام چاوەڕواندەکرێت کلاودیۆ مارادۆنا بگەڕێتەوە نێو پێکهاتە سەرەکی.
 
یانەی زاخۆ دوو رۆژ بەر لە یارییەکە چووە سلێمانی، دوو یەکەی مەشقیی لەسەر چیمەنی یاریگەی یانەکە ئەنجامداوە و تیپەکە بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە.
 
زاخۆ دوو یاریی رابردووی دۆڕاندووە، هاندەرانی ناڕازی و تووڕەن، چاویان لەوەیە یانەکە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باشتر لە دوو یاریی رابردوو هەبێت.
 
لە یارییەکەدا، ئەمجەد عەتوان و ژیلوان حەمەد بەهۆی پێکان و یوسف ئالوسی، بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا ئامادەنابن.
 
یارییەکە کاژێر 19:30 دەستپێدەکات، هەزاران هاندەر لە یاریگەی نەورۆز دەبن و هەزاران هاندەریش لە رێگەی تەلەڤزیۆن و شاشە جیاوازەکانەوە بینەری ئەم یارییە کوردستانییە دەبن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، زیاتر لە 1400 هاندەری یانەی زاخۆ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە سلێمانی و دەیانەوێت لەنێو یاریگەدا پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن.
 
دوو رۆژ بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە سەرجەم بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون و یانەی نەورۆز داوا لە هاندەران دەکات، هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ئەوانەی بلیتان نییە نەچن بۆ یاریگە، چونکە بلیتەکان فرۆشراون و هیچ بلیتێک نەماوە.


 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە