بۆچی ریال مەدرید سوورە لەسەر بایکۆتکردنی ئاهەنگی باڵۆندۆر؟

10-09-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانە ریال مەدرید باڵۆندۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناکۆکییەکانی نێوان یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بەرپرسانی خەڵاتی باڵۆندۆر بەردەوامە، پاشئەوەی شاندی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ کە خەڵاتەکە دەبەخشێت، نەیانتوانی بەرپرسانی یانەکە رازی بکەن بەشداری لە ئاهەنگی داهاتووی خەڵاتەکە بکەن کە رۆژی 22ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
 
ئاهەنگی ساڵی رابردووی دابەشکردنی خەڵاتەکە، پەیوەندی نێوان ریال مەدرید و گۆڤارەکەی گەیاندە خاڵی سفر، پاشئەوەی بەپێچەوانەی هەموو پێشبینییەکانەوە، خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵ درایە رۆدری ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر براوەی خەڵاتەکە بێت.
 
ئەوەی ریال مەدریدی لە ئاهەنگەکەی ساڵی رابردوو زۆر نیگەرانکرد، ئەوەبوو کە یانەکە هەموو ئامادەسازییەکی بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن ڤینیسیۆسەوە کردبوو، بەڵام لە دوا کاژێرەکانی بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکە، ئاشکرابوو کە رۆدری براوەی باڵۆندۆری ساڵە.
 
ریال مەدرید لەوکاتەوە بەفەرمی خەڵاتەکەی بایکۆتکردووە، ئەگەرچی ساڵی رابردوو کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید بەباشترین راهێنەری ساڵ دەستنیشانکرا، بەڵام ئەو ئامادەبوون لە ئاهەنگەکەی رەتکردەوە، وەک بەشێک لە بایکۆتی یانە ئیسپانییەکە.
 
پاشەکشەی ریال مەدرید، بووە هۆکاری پشێوی و لاچوونی سەرنجەکان لەسەر باڵۆندۆر و وەک شۆکێک لە جیهاندا تەماشاکرا.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە چەند مانگی رابردوودا فرانس فوتبۆڵ هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەکە دروست بکاتەوە، لە رێگەی ناردنی شاندێکەوە بۆ مەدرید، بەڵام وێڕای کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا، هیچ ئەنجامێک بەدەست نەهاتووە.
 
شاندەکەی فرانس فوتبۆڵ هەوڵیدابوو بەر لە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ئەمساڵی خەڵاتەکە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەکە ئاسایی بکاتەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ریال مەدرید گۆڕانکارییەکانی وەرزی رابردووی پێ هەرس نەکراوە، بەتایبەت ئەو هۆکارانەی بوونە گۆڕانکاریی لە شێوازی هەڵسەنگاندن و مەرجەکانی پێدانی خەڵاتەکە بەیاریزانی براوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ریال مەدرید سوورە لەسەر بایکۆتکردن و پشتگویخستنی ئەوەی فرانس فوتبۆڵ دەیکات، پەیوەندییەکانیان لەئاستی سفردا هێشتووەتەوە، تەنانەت بایەخ بەو شتانەش نادەن کە گۆڤارەکە بۆ یانەکە و یاریزانەکانی دەکات.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەگەرچی هەموو یانەیەک کاتێک ناوی یاریزانانی لە لیستی بەربژێرانی باڵۆندۆردابن بەشانازییەوە باسی دەکەن و لە میدیای خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام ریال مەدرید ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەک تەنانەت یەک پۆستی سۆشیال میدیاشی لەسەر یاریزانە بەربژێرەکانی یانەکە لە لیستی باڵۆندۆری ئەمساڵ بۆ کوڕان و کچان، بڵاونەکردەوە.
 
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا سوورە لەسەرئەوەی کە شایستەترین یاریزان بۆ بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ساڵی رابردوو، ڤینیسیۆس جۆنیۆربوو، لە دوای ئەویش، هەربەپێی ئەو ئەو پێوەرانەی گۆڤارەکە بەسەر رۆدریدا جێبەجێیکردووە و پێیوایە شایستەی بردنەوەی خەڵاتەکەیە، دەبوو بەربژێری بەهێز لەدوای ڤینییەوە، دانی کارڤاخال بێت کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا یۆرۆی بردبووەوە و چامپیۆنزلیگیشی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێنابوو.
 
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید خاوەنی 12 خەڵاتی باڵۆندۆرە و هاوتای بارسێلۆنا، زۆرترینە لەسەر ئاستی پیاوان.
 
پێشتر هەریەکە لە دی ستیڤانۆ، لویس فیگۆ، رۆناڵدۆ نازاریۆ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لوکا مۆدریچ و کەریم بنزیما خەڵاتی باڵۆندۆریان بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە