ئەگەر دوو یاریزان لە خاڵدا یەکسانبن کێ باڵۆندۆر دەباتەوە؟

22-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن باڵۆندۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، باشترینەکانی وەرزی 2024-2025 خەڵاتدەکرێن و باشترین یاریزانی جیهان خەڵاتی باڵۆن دۆر دەباتەوە.
 
هەزاران یاریزان و وەرزشڤان، راهێنەر و رۆژنامەڤان لەسەر هەردوو ئاستی پیاوان و خانمان، راهێنەر و ئەستێرەکانی پێشوو دەچنە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە هۆڵی شاتێلێی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بینەری براوەکانی وەرزی رابردوو بن.
 
بەپێی بنەماکانی گۆڤاری فرانس فوتبووڵی فەرەنسی کە لە 1956ـەوە خەڵاتی باڵۆن دۆر دابەشدەکات، بۆ ئەمساڵ 100 رۆژنامەڤان لە 100 وڵاتی پێشەنگی فیفا بەشداری لە دەنگدان بۆ براوەی خەڵاتەکە دەدەن، هەریەکە لە عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان، لامین یامال، ئەستێرەی لاوی ئیسپانیا و بارسێلۆنا لەگەڵ رافینیای ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی بارسێلۆنا بەربژێری سەرەکین بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
 
پرسیارێکی گرنگ کە دەکرێت بەلای وەرزشڤانانەوە گرنگ بێت، پێویستە وەڵام بدرێتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر دوو یاریزانی رکابەر لە خاڵدا یەکسانبوون چۆن براوەی باڵۆندۆر یەکلادەبێتەوە؟
 
بەپێی ماددەی 8 لە یاساکانی گۆڤاری فرانس فوتبووڵ بۆ پێشکێشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆر کە بە هاوکاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا رێکخراوە، لە کاتی یەکسانبوونی خاڵەکانی دوو بەربژێر بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر، ئەوا پشت بە دەنگە یەکەمەکانی هەردوو یاریزان دەبەسترێت و کامیان زۆرترین دەنگی یەکەمی بەدەستهێنابێت خەڵاتەکە دەباتەوە، ئەگەر لەوەشدا یەکسانبوون کار بە دەنگی دووەمی هەردوولا دەکرێت، پاشان سێیەم و ئەوانەی دیکە تاوەکو براوەکە یەکلادەکرێتەوە.
 
بەپێی رێنوێنییەکانی گۆڤارەکە هەر رۆژنامەڤانێک لیستێک پڕ دەکەنەوە لە یەکەم تاوەکو دەیەم ناوی باشترین یاریزانەکان پڕ دەکەنەوە، دەنگی یەکەم بەرامبەر 15 خاڵە و دەنگی دووەم بەرامبەر 12 خاڵ دەبێت.
 
کاژێر 22:00 رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی وەرزی 2024-2025 لە پاریس دەستپێدەکات.
 
پێشتر تەنیا یەکجار روویداوە، رکابەرەکان زۆر لە یەکدییەوە نزیکبن، ئەویش لە ساڵی 1996 بوو کاتێک ماتیاس سامەری ئەڵمانی بەجیاوازیی تەنیا یەک دەنگ بە 144 خاڵ لە رۆناڵدۆ دێلیمیای بەرازیلیی بردەوە و ئەو کاتە 50 رۆژنامەڤان دەنگیان دەدا.
 
هەرگیز رووینەداوە لە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر دوو یاریزان خاڵەکانیان وەکو یەک بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە