سەرۆکی تۆپی پێی بەرازیل: ئەوەی بەسەرمان هات، کارەسات بوو

10-09-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەمیر شاود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هێرشی تووندی کردە سەر بارودۆخی یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
 
بەرازیل لە دوایین گەڕی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بە بۆلیڤیا دۆڕا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر. بەڵام ئەنجامەکە هیچی لە دۆخی سیلیساو نەگۆڕی کە پێشتر سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەرکردبوو.
 
بەرازیلییەکان شۆکبوون بەشێوازی دۆڕانی تیپەکەیان، چونکە هەموو شت لە دژی تیپی میوان بوو، لەنێویاندا یارییکردن لە بەرزیی چوار هەزار مەتر لە رووی دەریا، کە توانای هەناسەدانی یاریزانان کەمدەکاتەوە.
 
سەرۆکی فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە رەخنەی لە هەموو شتێکی یارییەکە گرتووە، لەنێویدا ئەژمارکردنی لێدانێکی سزای نادروست لە دژی تیپەکەی، وێڕای هەبوونی سیستمی ڤار و ئەو پشێوییانەی لە چوادەوری یارییەکە هەبوون.
 
شاود بەتووندی لە دوای یارییەکە قسەیکرد و سەرکۆنەی هەموو ئەو کارانەی کرد کەبەهۆیەوە هەڵبژاردەکەی بووە قوربانیی، "ئەوەی روویداو شەرمهێن بوو، ئێمە هاتین بۆ ئەوەی تۆپی پێ بکەین، بەڵام ئەوەی بینیمان زۆر دووژمنکارانە بوو، تەنانەت لە بەرزیی چوار هەزار مەتر یارییمان کرد، لەوێ لە دژی ناوبژیوان، پۆلیس و تۆپ هێنەرەوەکان جەنگاین"
 
شاود زیاتر دەڵێ، "تۆپ هێنەرەوەکان، تۆپیان دەبرد و نەیاندەهێنایەوە، بەڕاستی کارەسات بوو".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەمە ئەو شتە نییە کە ئێمە لە تۆپی پێی جیهان و ئەمریکای باشووری چاوەڕێ دەکەین، ئێمە بەرەوپێشچوونی زیاترمان دەوێت. ئەمجۆرە هەڵسوکەوتە، بەتایبەت یارییکردن لە بەرزایی زۆر، لەگەڵ بوونی 14 یاریزان لە یاریگەدا، زۆر سەختن. هیوادارم فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، لێپێچینەوە بکات، لەبەرئەوەی هەموو شتێکمان تۆمارکردووە و کارەکە زۆر بێمانایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە