رووداو هەولێر
ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی پازدەی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق، کاژێر 17:30 یاری لووتکە لەنێوان یانەی زاخۆ و یانەی هەولێر بەڕێوەدەچێت.
یانەی زاخۆ لە 3 یاری رابردوویدا ئاستێکی بەرزی پیشانداوە و سەرکەوتنی تۆمارکردووە، لەم یارییەدا دەیەوێت بەپشتبەستن بە یاریگە و هاندەرانی بە مۆڕاڵێکی بەرز یاری بکات و یاری لووتکەی ئەم گەڕەی خولی عێراق بە سەرکەوتنی خۆی تەواو بکات.
هەرچی یانەی هەولێرە بە دۆخێکی خراپ تێپەڕدەبێت و هاندەرانی نیگەرانن، دوای ئەوەی لە 7 یاری رابردوویدا تیپەکە نەیتوانی تامی بردنەوە بکات، غازی فەهدی راهێنەری پێشوو، لە پەخشی راستەوخۆی رووداو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، بۆ ئەم یارییە عەبدولقادر حوسێن وەک راهێنەر سەرکردایەتی درێس زەردەکان دەکات.
عەبدولقادر حوسێن، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو رایگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا تەنیا کارمان لەسەر بەرزکردنەوەی مۆڕاڵ و چاکردنەوەی باری دەروونی یاریزانانمان بووە، تیپەکەی ئێمە شایستەی ئەو ئەنجامە خراپانە نییە و دەبێت لە داهاتوو بگەڕێنەوە سەر رێکچەی راستەقینەی خۆمان".
یانەی زاخۆ بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی پازدەی ریزبەندیی خولی نایابی عێراقە، یانەی هەولێر 13 خاڵی هەیە و لە ناوچەی مەترسی ریزبەندییە، واتا لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندە.
لە مێژووی خولی نایابی عێراق یانەی هەولێر و یانەی زاخۆ 29 یارییان ئەنجامداوە، هەولێر 15 یاری بردووەتەوە و زاخۆ 5 بردنەوەی هەیە، لە 9 یاریشدا یەکسانبوون.
هەر ئەمڕۆ یانەی نەورۆز لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداری یانەی نەفتی ناوەڕاست دەکات، نەورۆز لە دوو یاری رابردوویدا لەم یاریگەیەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و دەیەوێت برینەکانی یانەی نەفتی ناوەڕاست قوڵتر بکات، دوای لە گەڕی رابردوودا زاخۆ بە گۆڵێکی خاوێن لە نەفتی ناوەڕاستی بردەوە.
نەورۆز کە دووەم وەرزە بەشداری خولی عێراق دەکات لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا زۆرترین گۆڕانکاری کرد، 11 یاریزانی لە ریزەکانی دوورخستەوە و گرێبەستی لەگەڵ 13 یاریزان واژۆکرد.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز، لەبارەی یارییەکەیان بۆ رووداوی روونکردەوە "ئێستا دەتوانم بڵێم پێکهاتەیەکی زۆر باشم لەبەردەستە بۆ ململانێ، لە یارییەکانی رابردوو یاریزانی یەدەگی باشمان نەبوو، بەڵام لێرەوە رکابەری دەکەین و یاریزانەکانم ئاستبەرزن".
نەورۆز بەکۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی چواردەی ریزبەندییە، نەفتی ناوەڕاست 18 خاڵی هەیە و لە پلەی دوازدەی ریزبەندییە.
کلاودیۆ ئۆلیڤێرا، یاریزانی پیشەگەری بەرازیلی یانەی نەورۆز بە تۆمارکردنی 9 گۆڵکار پێشەنگی گۆڵکارانی خولی عێراق گرتووە، لەم یارییەدا ناتوانێت یاری بکات و نەورۆز بێبەشە لە تواناکانی ئەم گۆڵکارە بەهۆی وەرگرتنی سێ کارتی زەرد.
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ