رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەدەچن، یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دەیەوێت رێگەکەی بەرەو گەیشتن بە قۆناخی هەشت تەواو بکات.
لە یەکەم یاریی ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگدا، لە یاریگەی مونچویک یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەرامبەر یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی یاری دەکات، بارسێلۆنا لە یاریی چووندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و نیوەی رێگەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی بڕیووە و ئەمڕۆ دەیەوێت هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ تەواو بکات.
بارسێلۆنا لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات، سەرەتای ئەم هەفتەیە کارلێس مینیارۆ گارسیا، پزیشکی یانەکە کۆچی دواییکرد، بەو هۆیەوە یانەکە لە لالیگادا یاریی نەکرد، هانزی فلیک دەیەوێت ئەو هەواڵە لەبیر یاریزانەکانی بباتەوە، بۆ ئەوەی بە دەروونێکی ئارامەوە یارییەکەی ئەمشەو ئەنجامبدەن و هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو لەدەست نەدەن.
بەهۆی ئەو کارتە سوورەی لە یاریی چووندا وەریگرت، پاو کوبارسی، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات.
یانەی بێنفیکا لە 11 یارییدا کە بەرامبەر بارسێلۆنا ئەنجامیداون، تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە، هیچ یەکێک لەو بردنەوانانە لە یاریگەی بارسا نەبووە، یانە پۆرتوگالییەکە چاوی لەوەیە ئەو گرێیە بەبردنەوەیەکی مێژوویی بکاتەوە و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، گوتی "لەدەستدانی کارلێس زۆر کاریگەری هەبوو لەسەر تیپەکە، ئەو پزیشکیکی مەزن بوو، کارلێس لەگەڵ رێکارد کلیلی سەرکەوتن بوون، ئێمە بۆ هەمیشە بیریان دەکەین، بەڵام ئەمە ژیانە و دەبێت بەردەوامبین، ئێمە یاری بۆ ئەو دەکەین، دەبێت براوەبین لەپێناوی کارلێس، تیپەکە لەبارێکی باشدایە، ئێمە بەوردی کار لەسەر تیپەکە دەکەین، دەربارەی لیڤاندۆڤسکی، ئەو بەتەواوی ئامادەیە وە لە رووی جەستەییەوە زۆر باشە، ئێمە تەنیا بەوریایی مامەڵەمان کرد کاتێک پێش یارییەکەی ئۆساسۆنا لە راهێنانەکان هەستی بە ئازار کرد، بۆیە بڕیارماندا ناوی لە لیستەکە نەبیت، بەڵام ئێستا زۆر باشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ