هەندرێن پێشەنگی ریزبەندیی خولی نایابی کوردستانە

11-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان یانەی هەندرێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی هه‌ندرێن بە ئاستێکی بەرزەوە بەرامبەر سۆران دەرکەوت و بە ئەنجامێکی گەورە یانەی سۆرانی تووشی شکست کرد و پێشەنگی ریزبەندیی وەرگرتەوە.
 
لە گەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستاندا، یانەی هەندرێن لەسەر یاریگەی خۆیدا، میوانداری سۆرانی کرد و بە ئەنجامی 4-0 لێیبردەوە، کە هێمن نازمی یاریزانی هەندرێن تەنیا دوو خولەکی بەسبوو بۆ ئەوەی گۆڵی پێشکەوتن بۆ تیپی خاوەن یاریگە تۆماربکات.
 
ئەم گۆڵە کاریگەرییەکی خراپی بەسەر یاریزانانی سۆرانەوە هەبوو، کە نەیانتوانی ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵکو گۆڵی دووەمیشیان لە لایەن ماجید راشیدەوە لێکرا و ئەنجامی نیوەی یەکەم 2-0 لە بەرژەوەندی یانەکەی شاری هەولێر کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمیشادا هەمان سیناریۆی نیوەی یەکەم دووبارە بووەوە و هەندرێن دوو گۆڵی دیکەشی لە رێگەی هەردوو یاریزانەکەی، حوسێن ئیبراهیم و یاسر قاسمەوە تۆمارکرد و ئەنجامەکە بۆ سۆران زۆر قورس بوو، کە بە 4 گۆڵی بێوەڵام دۆڕا.
 
بەم ئەنجامە هەندرێن بووە خاوەنی 16 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی، سۆرانیش تەنیا 6 خاڵی هەیە و ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە.
 
لە زاخۆش، یانەی برایەتی بووە میوانی یانەکەی پردی دەلال، بەڵام هەردوولا نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن و بە خاڵێک رازی بوون.
 
لە یارییەکی دیکەدا، یانەی هەڵۆ بووە میوانی چەمچەماڵ و یاریزانانی یانە پڕجەماوەرییەکە توانیان بە ئەنجامی 2 گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵۆ ببەنەوە و 3 خاڵی گرنگیان بەدەستهێنا.
 
یارییەکانی سبەی
 
سبەی هەینی لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 6ـدا 3 یاری دیکە بەڕێوەدەچن، کە لە یەکەمیاندا هەولێر میوانداری نەورۆز دەکات و شێروانە دەبێتە میوانی دهۆک، سەیدسادق و شەقڵاوەش لەسەر یاریگەی ئەمەی دوایی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە