رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕانی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی، داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ لە مەترسییەکی گەورەدایە و یاری داهاتوو بەرامبەر ئالاڤێس دوا دەرفەت دەبێت بۆ راهێنەرە ئیسپانییەکە. لەنێو ژووری جلگۆڕیندا بارودۆخەکە ئاڵۆزە و ڤینیسیۆس جونیۆر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەستووەتەوە بە ڕۆیشتنی ئەلۆنسۆ.
بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان، دۆڕاندنەکەی شەوی چوارشەممە بە ئەنجامی 1-2 لە چامپیۆنزلیگ، راستەوخۆ نەبووە هۆی دەرکردنی ئەلۆنسۆ، بەڵام پێگەی راهێنەرەکەی زۆر لاواز کردووە. ریال مەدرید لە کۆی 8 یاری رابردوودا تەنیا 2 بردنەوەی هەیە، ئەمەش وایکردووە کارگێڕی یانەکە بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز بیر لە جێگرەوە بکەنەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، یارییەکەی ڕۆژی یەکشەممە بەرامبەر ئالاڤێس یەکلاییکەرەوە دەبێت؛ هەر ئەنجامێکی خراپ زەنگی مەترسی لێدەدات و ئەگەری دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ دەکاتە راستی. ئەلڤارۆ ئاربێلۆا، راهێنەری تیپی دووەمی ریال مەدرید، وەک بەهێزترین بەربژێر بۆ شوێنگرتنەوەی دیاریکراوە. ناوی زینەدین زیدانیش دەهێنرێت، بەڵام ئەستێرە فەرەنسییەکە خواستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسای هەیە سەرەڕای ئەوەی دوێنێ لە یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی لەنێو هاندەراندا ئامادەبوو.
دۆخی ژووری جلگۆڕینی مێرێنگێ ناجێگیرە، بەڵام دوای یارییەکەی سیتی یاریزانەکان هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و هەندێکیان، وەک رۆدریگۆ، پاڵپشتی خۆیان بۆ راهێنەرەکە نیشانداوە. ئەلۆنسۆ هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یاریزانەکان چاکبکاتەوە و بەشێک لە رێکارە تووندەکانی وەک دانیشتنە درێژەکانی شیکردنەوەی ڤیدیۆیی کەمکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ یانەکە. هاندەرانی بێرنابیۆ لە یاری رابردوودا فیکەیان دژی لێداوە و یاریزانەکەش بە ئاشکرا بە سەرۆکی یانەکەی راگەیاندووە تاوەکو پەیوەندی لەگەڵ ئەلۆنسۆ بەم شێوەیە بێت، گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە کە ساڵی 2027 کۆتایی دێت.
ریال مەدرید لەم کاتە هەستیارەدا بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت؛ 8 یاریزانی پێکهاتەی یەکەم پێکانیان هەیە و 3 یاریزانیش سزای راگرتنیان هەیە. دۆخی کیلیان ئێمباپێش نادیارە و لە یارییەکەی سیتی بەهۆی تەواو ئامادەنەبوونیەوە لەسەر کورسی یەدەگ بوو.
ریال مەدرید یەک شەمە لە گەڕی 16ـی لالیگا رووبەڕووی ئالاڤێسی یازدەمی ریزبەندی دەبێتەوە و بەپێی میدیا جیهانییەکان ئەمە دوا تاقیکردنەوەی چابی ئەلۆنسۆ دەبێت لەگەڵ ریال مەدرید بۆ ئەوەی لەم پێگەیە بمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ