ریال مەدرید ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆمارکرد

12-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا نزیکبووەوە، دوای ئەوەی ریمۆنتادایەکی مێژوویی بەرامبەر مانچێستەر سیتی تۆمارکرد و بۆ یەکەمجار لە یاریگەی ئیتیحاددا لەو یانەیەی بردەوە.
 
یاریی چوونی قۆناخی پلەی ئۆف لە یاریگەی مانچێستەر سیتی بەڕێوەچوو، سەرەتا ریال مەدرید بە هێرشبردن دەستیپێکرد و دوو هەلی ئاسانی لەدەستدا، بەڵام گۆڵی پێشکەوتن لەلایەن ئێرلینگ هالاندەوە تۆمارکرا و مانچێستەر سیتی پێشکەوت، ئەمە یەکەم گۆڵی هالاند بوو بەرامبەر ریال مەدرید لە دوای ئەنجامدانی پێنج یاری بەرامبەر ئەو یانەیە.
 
نیوەی یەکەم بۆ مانچێستەر سیتی تەواو بوو، لە خولەکی 60 کیلیان ئێمباپێ بەشێوەیەکی سەیر ئەنجامەکەی بۆ ریال مەدرید یەکسانکردەوە و یانەی شاهانەی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە.
 
دوای ئەوە هەردوولا و بەتایبەت ریال مەدرید هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵی دووەمیان دەدا، ئەمجارە لێدانێکی سزا هەژمارکرا و ئێرلینگ هالاند گۆڵی دووەمی بۆ سیتی تۆمارکرد، ئەمە خولەکی 80 بوو.
 
وەکو هەمیشە ریال مەدرید لە دوایین خولەکەکاندا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت، لە خولەکی 85 براهیم دیاز ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، هاندەرانی ریالی خستە نێو ئاهەنگ و خۆیشی ئاهەنگی نەگێڕا.
 
لە خولەکی 92 ڤینیسیۆس هەموو شتێکی کرد و بێلینگهام گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، ریال مەدرید یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و ریمۆنتادای تۆمارکرد.
 
یاریی گەڕانەوە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت "یارییەکی باشمان ئەنجامدا، هەلی زۆرمان دروستکرد، بۆیە دەبێت بە ئەنجامەکە دڵخۆشبین، مانچێستەر سیتی یارییەکی باشی کرد و تووشی سەرئێشەی کردین، بەڵام توانیمان یارییەکە ببەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە