ئینتەرمیلان بارسێلۆنا ناچار دەکات رکابەری لیڤەرپوول بکات

12-05-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەدا لەسەر گواستنەوەی هێرشبەرێک رکابەری یانەی لیڤەرپوول بکات، لە ئەگەری شکستهێنان لە گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێزدا.

میدیای ئیسپانیا رایگەیاند، بارسێلۆنا لاوتارۆی بۆ وەرزی نوێ لە پێشەوەی پلانەکانی داناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ ئینتەرمیلان نەکردووە.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بارسێلۆنا لە ئەگەری شکستهێنان لە گواستنەوەی لاوتارۆ، دەکەوێتە رکابەرییکردن لەسەر گواستنەوەی تیمۆ ڤێرنەر، هێرشبەری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی.



مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی لاوتارۆ مارتینێز 111 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئینتەرمیلان نایەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت و بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی بەهۆی کۆرۆناشەوە بەسەر یانەکەدا هاتووە، بارسا ناتوانێت پارەیەکی زۆر بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بدات.

دەستەی کارگێری بارسێلۆنا ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گواستنەوەی تیمۆ ڤێرنەر بکات، کە ئەمیان ماوەیەکی زۆرە ئامانجی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 60 ملیۆن یۆرۆیە.



راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بارسێلۆنا لە گواستنەوەی یاریزانان کار بۆ ئەوە دەکات، بەرامبەر ئامانجەکانی گۆڕینەوە ئەنجامبدات و یاریزان بداتە ئەو یانانەی یاریزانیان لێوە دەگوازێتەوە، ئەمەش بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە.

ئەو یاریزانانەی کە یانەکە دەیەوێت بۆ گواستنەوەی یاریزانی دیکە سوودیان لێ ببینێت، ئیڤان راکێتیچ، فیلیپی کۆتینیۆ، ساموێل ئومتیتی، ئارسەر مێللۆ و نێلسۆن سێمیدۆن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە