هیلال بە دەستەوارەیەکی خەیاڵی دەیەوێت ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ بباتە سعودیە

13-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هیلال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا داهاتووی برونۆ فێرناندێز، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد لەگەڵ یانەکە دیارنییە، یانەی هیلالی سعودی دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە ئامادەکردووە و دەیەوێت بیباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، برونۆ فێرناندێز، لە پلانەکانی یانەی هیلالی سعودیدایە و یانەکە دەیەوێت بە گواستنەوەی یاریزانەکە هێشتا تیپەکەی بەهێز بکات.
 
رۆژنامەی میرەری بەریتانی دەڵێت "هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ مانەوەی برونۆ لە مانچێستەر یونایتد و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ یانەی هیلال، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە بدەن."
 
لە گفتوگۆی نێوان هەردوولادا، بەڕێوەبەری کارەکانی برونۆ مەرجێکی داناوە کە نابێت مووچەی یاریزانەکە لە 35 ملیۆن یۆرۆ کەمتر بێت، بەڵام هیلال دەستەوارەیەکی دوو هێندەی پێشکێشکردووە و ئامادەیە لە وەرزێکدا 70 ملیۆن یۆرۆ بداتە ئەو یاریزانە، ئەم دەستەوارەیەش بەشێوەیەکە کە رەتکردنەوەی زۆر زەحمەتە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، برونۆ فێرناندێز، جارێ تەنیا بیر لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەرامبەر یانەی تۆتێنهام دەکاتەوە و دوای ئەو یارییە یاریزانەکە بڕیاری خۆی دەدات، لە ئەگەری دۆڕانیان لە یارییەکەدا مانچێستەر یونایتد ناگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو و ئەوەش ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکە زیاتر دەکات.
 
گرێبەستی برونۆ فێرناندێز، لەگەڵ مانچێستەر یونایتد تاوەکو ساڵی 2027ـە، ئەو ئێستا کاریگەرترین یاریزانی یانە ئینگلیزییەکەیە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر رۆبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە گوتی "برونۆ یاریزانێکی گرنگ و ئاستبەرزە، پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی یاریزانی لەو ئاستەدا لەگەڵ یانەکە بەردەوامبن."




 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە