چێڵسی پاکسازی دەکات.. 12 یاریزان ئاوت

14-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چێڵسی تۆد بۆیلی گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دوای خەرجکردنی زیاتر لە 611 ملیۆن یۆرۆ لە دوو ماوەی گواستنەوەی یاریزانان و نەگەیشتن بەو ویستەی کە کارگێڕیی یانەکە هەیەتی، بڕیاریداوە شۆڕشی پاکسازی لە ریزەکانیدا ئەنجام بدات.
 
چێڵسی لە دوای گواستنەوەی موڵکایەتی یانەکە بۆ تۆد بۆیلی، سەرمایەداری ئەمریکی و سەرۆکی نوێی یانەکە، گەورەترین بازاڕی گواستنەوەی لەسەرئاستی هەموو ئەوروپا ئەنجامدا. ژمارەی زۆری ئەو یاریزانانەی یانەکە پێشتر هەیبوون و هاتنی ژمارەیەکی دیکەی بەرچاوی یاریزان، کارگێڕیی یانەکە ناچار دەکات دەست لە ژمارەیەک یاریزان لە ماوەی گواستنەوەی داهاتوودا هەڵبگرێت.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، چێڵسی بەنیازە هاوینی داهاتوو کۆی 12 یاریزانی خۆی بفرۆشێت.
 
بەپێی میدیاکان، 12 یاریزان لە هاوینی داهاتوودا ستامفۆرد بریج بەجێدەهێڵن و چوونە دەرەوەی هەندێک یاریزان ئاسانە، چونکە چەندین یانە لەسەر هێڵن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیاندا.
 
مانچێستەر سیتی، پێشتر ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ بن چێلوێل دەربڕیووە، لە کاتێکدا ماوسن ماونت لەلایەن یانەکانی لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتدەوە داواکراون.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، لە نێو ئەو ناوانەدا کە یانەکە بەنیازە بەڕێیان بکات، هەریەکە لە ماتیۆ کۆڤاسیچ و پیێر ئۆبامیانگ بوونیان هەیە، لەگەڵ کریستیان پۆلیسیچی ئەستێرەی ئەمریکی و رۆبن لۆفتۆس چیکی یاریزانی ناوەڕاستی یانەکە.
 
بەپێی ئەوەی میدیای ئینگلتەرا دووپاتیدەکەنەوە، کۆڤاسیچ، یەکێک دەبێت لە دیارترین یاریزانە رۆیشتووەکان. هەروەها کاتەکە گونجاو دەبێت بۆ پۆلیسیچ بۆ ئەوەی لە شوێنێکی دیکە بەدوای بەدەستهێنانەوەی ئاستی راستەقینەی خۆیدا بگەڕێت، پاش ماوەیەکی بەرچاو لە بێئومێدی و دابەزینی ئاست لەگەڵ چێڵسی.
 
پێشتر یانەکانی مانچێستەر یونایتد و نیوکاسڵ پرسیاریان لەبارەی داهاتووی پۆلیسیچەوە کردبوو.
 
شۆڕشەکەی چێڵسی، دەکرێ سیزار ئازپیلیکوێتای کاپتنی یانەکەش بگرێتەوە کە هاوینی رابردوو نزیکبوو لەوەی پەیوەندی بە بارسێلۆنای ئیسپانییەوە بکات، ئەمە جیا لە کۆنۆر گالاگێر و حەکیم زەیاش.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، چێڵسی تەنانەت بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانی و کەمکردنەوەی مووچەی زۆری یاریزانان، ئامادەیە دەستبەرداری ژمارەیەک یاریزان بێت کە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییان بە یانەکەوە کردووە، وەک کای هاڤێرتز و رەحیم ستێرلینگ.
 
پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی رەحیم رایگەیاندبوو ئەو یاریزانە دەخوازێت لەگەڵ یانەکەدا بەردەوام بێت. میخائیلۆ مۆدریک 70 ملیۆن یۆرۆ و مارک کۆکۆرێلا 65 ملیۆن یۆرۆ.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە