ریال مەدرید گەوهەرێک بە قیست دەگوازێتەوە

14-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سێیەم گرێبەستی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا راگەیاند و گەوهەرێکی تازەپێگەیشتووی ئەرجەنتینی بە قیست دەگوازێتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی فرانکۆ ماستانتونۆ، ئەستێرەی لاوی یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینیی بۆ یانەکەی راگەیاندووە و سەرۆکی یانە ئەرجەنتینییەکەش دەڵێت "ریال مەدرید بە سێ قیست پارەی گواستنەوەی یاریزانەکە دەدات."
 
یانە ئیسپانییەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "رۆژی 14-8-2025 تاوەکو 30-6-2031 ماستانتونۆ یاریزانی ئێمەیە و گرێبەستەکەی بۆ شەش وەرزی داهاتوو دەبێت.
 
خۆرخی بریتۆ، سەرۆکی یانەی ریڤەرپلەیت وردەکارییەکانی پارە وەرگرتنی فرۆشتنی ئەو یاریزانە بە ریال مەدرید ئاشکرا دەکات کە بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ کراوە.
 
بەپێی قسەی سەرۆکی یانەی ریڤەرپلەیت، یانەی ریال مەدرید ئێستا لە هەنگاوی یەکەمدا 20 ملیۆن یۆرۆ دەدات، دوای ئەوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026، 12.5 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەکو قیستی دووەم و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2027، 12.5 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەکو قیستی سێیەمی گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات، بەمشێوەیە پارەی گواستنەوەی یاریزانەکە تەواو دەکرێت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، گواستنەوەی یاریزانەکە بەشێوەیەکی گشتی 63.2 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، جگە لە 45 ملیۆن یۆرۆی کە ریال مەدرید دەیداتە ریڤەرپلەیت، 11.8 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستەڵاتی باج دەچێت لە ئیسپانیا، 1.4 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکان دەبێت، 900 هەزار یۆرۆ دەدرێتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، 3.6 ملیۆن یۆرۆ رسومات، 0.5 ملیۆن یۆرۆ وردەکارییە داراییەکانی دیکەی گرێبەستەکە.
 
خۆرخی بریتۆ پێشتر گوتبووی، ماستانتونۆ یەکێک لە بەهرەمەندترین یاریزانەکانی ماوەی 20 بۆ 30 ساڵی رابردووە لە ئەرجەنتین.
 
فرانکۆ ماستانتونۆ، تەمەنی 17 ساڵە، بە قاچی چەپ یاریی دەکات، بە لیۆنێل مێسی سەرسامە و دەڵێت "لە خۆشەویستی مێسی درێسی ژمارە 30 دەپۆشم." یاریزانەکە لەگەڵ ریڤەرپلەیت بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات و دوای ئەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات.
 
گواستنەوەی ماستانتونۆ، سێیەم گرێبەستی ئەم هاوینەی یانەی ریال مەدریدە دوای گواستنەوەی هەریەکە لە دین هاوسن و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە