پاریس سانجێرمان پاڵەوانی ئەورووپایە

14-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بۆ یەکەمجار نازناوی جامی سوپەری ئەورووپای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی تۆتێنهام بەدەستهێنا.
 
یاریی جامی سوپەری ئەورووپا لەنێوان هەردوو پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ لە ئودینێی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، یانە فەرەنسییەکە ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆمارکرد و نازناوەکەی بردەوە.
 
لە خولەکی 39 میکی ڤان دی ڤین، گۆڵێکی بۆ سپێرز تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی تۆتێنهام کۆتاییهات.
 
دوای سێ خولەک لە دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکە کریستیان رۆمێرۆ بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی پاریس سانجێرمانی هەژاند و یانەکەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوەکە نزیککردەوە.
 
دوای ئەوە پاریس سانجێرمان خۆی رێکخستەوە، لە خولەکی 85 لی کانگ ئین ئەنجامەکەی بەلێدانێکی بەهێز کەمکردەوە.
 
لە دوایین خولەکی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، گۆنچالۆ رامۆس رێگەی نەدا یانە ئینگلیزییەکە نازناوەکە بباتەوە و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و تیپەکەی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە.

کاتی ئاسایی یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، هەردوو تیپ پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، پاریس سانجێرمان بە 4-3 یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەورووپا.

 
ئەمە یەکەمجارە پاریس سانجێرمان نازناوی ئەم جامە دەباتەوە، لەکاتێکدا پێشتر لە 1996 بەرامبەر یوڤێنتوس نازناوەکەی دۆڕاندبوو.

 
جگە لەوەش پاریس سانجێرمان بووە یەکەم یانە لە مێژووی فەرەنسادا، نازناوی جامی سوپەری ئەورووپا بەدەستبهێنێت.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە