پاریس سانجێرمان دەیەوێت وەکو یەکەم یانە بگاتە قۆناخی 16ـی مۆندیال

19-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دووەم یاریی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات، بەرەبەیانی سبەی بەرامبەر یانەی بۆتافۆگۆی بەرازیلی یاری دەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەم لە کۆمەڵەی دووەمدا دەکرێت، پاریسییەکان دەیانەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکەن و راستەوخۆ بگەنە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
پاریس سانجێرمان لە یاریی یەکەمیدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەدەستهێنا و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لێی بردەوە.
 
یانە فەرەنسییەکە دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامداوە و چاوی لە بردنەوەی دووەمی لەسەریەکە، سەرجەم یاریزانەکانیشی بۆ ئەم یارییە ئامادەن.
 
هەردوو یانە لە رووی پێکهاتە و بەهای یاریزانەکانیان جیاوازییەکی زۆریان هەیە، بەهای پێکهاتەی ئێستای پاریس سانجێرمان 1.06 ملیار یۆرۆیە و بەهای پێکهاتەی بۆتافۆگۆ 163.20 ملیۆن یۆرۆیە.
 
تێکڕای تەمەن لە پاریس سانجێرمان 23.7ـە و لە بۆتافۆگۆ 25.8ـە، 18 یاریزانی پاریس سانجێرمان لە هەڵبژاردە نیشتمانییەکان یاریی دەکەن و تەنیا 4 یاریزانی بۆتافۆگۆ لە هەڵبژاردەکانیانن.
 
بۆتۆفاگۆ لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر سیاتل ساوندەرز بەدەستهێناوە، هەردوو یانە خاوەنی سێ خاڵن و رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دەکەن و یارییەکە کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە