ریال مەدرید گەوهەرە ئەرجەنتینییەکەی ناساند

14-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرانكۆ ماستانتونۆ یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەفەرمی یاریزانە نوێیەکەی، فرانكۆ ماستانتونۆی ئەرجەنتینی بە میدیاکان ناساند و درێسی ژمارە 30ـی پێبەخشی.
 
ریال مەدرید، ئەمڕۆ پێنجشەممە یاریزانە نوێیەکەی، فرانكۆ ماستانتونۆی بە دەزگاکانی راگەیاندن ناساند و لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانەوە بەخێرهاتنی کرا.
 
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکی ریال مەدرید و چەندین ئەفسانە و کەسایەتی وەرزشیی یانەکە ئامادە بوون، کە پێرێز لە وتارێکدا بەخێرهاتنی کرد و گوتی "ئەمڕۆ بەخێرهاتنی یاریزانێک دەکەین کە بووەتە یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی جیهان. فرانکۆ ماستانتونۆی خۆشەویست".
 
ئەو رووی لە ماستانتونۆ کرد و گوتی "بەخێرهاتنت دەکەین و پیرۆزباییت لێدەکەین لەسەر بەدیهاتنی خەونەکەت لە رۆژی لەدایکبوونتدا".
 
ماستانتونۆش سوپاسی کرد و رایگەیاند کە زۆر دڵخۆشە بەوەی خەونەکەی هاتووەتەدی و بووەتە یاریزانی باشترین یانە لە مێژوودا.
 
ئەو یاریزانەی ئەرجەنتین ناوی لەگەڵ تیپی ریال مەدریدی کاستیا تۆمار دەکرێت، بەڵام هەر کاتێک چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر پێویستی پێی بوو دەتوانێت لە لالیگا یاری پێبکات.
 
فرانکۆ ماستانتونۆ، هەروەها گوتی "بەڵێن دەدەم ژیانم لە یاریگە بەخت بکەم لەپێناو ریال مەدرید".
 

هەروەها گوتی "خەونی من هەتەدی، من لەگەڵ باشترین یانەی مێژووم، من لەگەڵ ریال مەدریدم". ئەو زیاتر گوتی "دەمەوێت سوپاسی ماڵباتەکەم، باوباپیر و ئامۆزاکانم بکەم بۆ هەموو شتێک، کە لێرە بوون و یارمەتیان دام. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ئەرجەنتین دەیانناسم. ئەمە بەبێ هیچ کام لە ئێوە رووی نەدەدا".
 
یانە شاهانەییەکە بەر لە ناساندنی یاریزانەکە، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دووپاتی کردەوە کە یاریزانە بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەکە، کە ئەمڕۆ تەمەنی بووە 18 ساڵ، پشکنینە پزیشکییەکانی تێپەڕاندووە و گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال  مەدرید واژۆ کردووە.
 
پێشتر ریال لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوودا گرێبەستکردنی لەگەڵ ماستانتونۆ راگەیاندبوو، کە لە یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینییەوە پەیوەندی پێوەکرد.
 
یاریزانە بەهرەمەندەکە گرێبەستێکی بۆ ماوەی 6 ساڵ و تاوەکو هاوینی 2031 لەگەڵ مێرینگی واژۆکرد.
 
ریال مەدرید روونیکردەوە کە فرانكۆ ماستانتونۆ درێسی ژمارە 30 دەپۆشێت و لە لیستی تیپی کاستیای یانەکەدا ناوی تۆماردەکرێت، هەروەها شوێنێک لە لیستی تیپی یەکەمدا بە بەتاڵی هێڵراوەتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی نوێ پێش کۆتاییهاتنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی ئێستا.
 
پێش ماستانتۆنۆ، ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزان کردبوو، کە بریتین لە: ترێنت ئەلێکساندەر-ئارنۆڵد لە لیڤەرپوول، دین هاوسن لە بۆرنمۆس و ئەلڤارۆ کارێراس لە بێنفیکای پۆرتوگالی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە